ژمارەی حاڵەتەكانی پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسانی هەرێم ئاشكرا كرا

سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئاشكرای دەكات كە لە ساڵی رابردوودا 45 حاڵەتی پێشێلكاریی جۆراوجۆر بەرامبەر بە 80 رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە.

ئەمڕۆ 7/1 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە هۆڵی ئەمنە سوورەكە لە سلێمانی، حەمید بەدرخان، سەرۆكی لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، راپۆرتی ژمارە (17، 18)ی لیژنەكەیانی لەسەر رەوشی رۆژنامەگەری لە هەرێم راگەیاند، و وتی "ساڵی (2016) لە هەرێمی كوردستان 45 حاڵەتی پێشێلكاریی جۆراوجۆر بەرامبەر 80 رۆژنامەنووس ئەنجامدراون، بەڵام لە ساڵی (2015)دا لە هەرێمی كوردستان 32 پێشلكاریی جۆراوجۆر بەرامبەر 70 رۆژنامەنووس ئەنجامدرابوون".

بەدرخان باسی لەوەشكرد "لەكاتی قوڵبوونەوەی پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان پارتە سیاسییەكانی كوردستان زەرەرمەندی یەكەم رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندنن، بەپێچەوانەوە لەكاتی ئاسایی بوونەوە و باشبوونی پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان پارتە سیاسییەكان رێژەی پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان روو لە كەمبوونەوەدایە".

سەرۆكی ئەو لیژنەیە ئاماژەی بەوەشدا "بەپێی راپۆرتی ژمارە (17)ی لیژنەكەمان لە (1/1/2016 تا 30/6/2016)، 37 رۆژنامەنووس پێشلێكارییان بەرامبەر كراوە، كە جۆركانی پێشلكارییەكان بریتی بوون لە (یەك هەوڵی تیرۆر و تەقاندنەوە، دوو گرتن، پێنج لێدان، 10 رێگەنەدان، یەك سووتاندن، یەك هەڕەشە".

هێمای بۆ ئەوەشكرد: بەپێی راپۆرتی ژمارە (18)ی لیژنەكەمان لە (1/7/2016 بۆ 31/12/2016) جۆری ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر 43 رۆژنامەنووس ئەنجامدراون بریتی بوون لە (دوو تیرۆر، یەك شەهیدكردن، پێنج لێدان، 13 رێگەنەدان، سێ‌ هەڕەشە، یەك بریندار بوون).



PM:01:33:07/01/2017