بۆ رێککەوتن، پارتی چاوەڕوانی یەکێتی دەکات
سپی زانیاری ورد بڵاودەکاتەوە

لە کاتێکدا لایەنەکانی تر چاوەڕوانی پارتیان دەکرد بە پرۆژەیەکەوە جارێکی تر سەردانیان بکاتەوە، یەکێتی ئەو رێگایەی بۆ کورتکردەو نەیهێشت بزانرێت پارتی چی پێشنیار دەکات و بۆ چارەسەری بارودۆخی کوردستان و، کۆبوونەوەی رۆژی ١/١١ رێکخست و لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر هەندێک پرەنسیپ رێککەوتن و، لەهەفتەی داهاتوودا سەرلەنوێ کۆدەبنەوە بۆ رێککەوتنی تەواوەتی.

ئەو کۆبوونەوەیە کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی و کۆسرەت رەسوڵەوە سەرکردایەتی دەکرا، هەردوولا لەسەر هەندێک پرەنسیپ رێککەوتوون و، ماوەی هەفتەیەک دانراوە کە یەکێتی بڕیاری خۆی بدات و جارێکی تر هەردوولا کۆببنەوە، ( ئەو هەفتەیە مۆڵەت بە یەکێتی دراوە تا مەکتەبی سیاسیان کۆبێتەوەو بڕیاری کۆتایی بدات، لەم ماوەیەشدا مەلا بەختیار کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەردانێکی ئەوروپای کردووەو لەم هەفتەیەدا دەگەڕێتەوە).

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند، هەردوولا تێگەیشتنی هاوبەشیان هەیە کە ئەرکی ئەو دوولایەنە وەک دوو هێزی سەرەکی لە ئەرکی لایەنەکانی تر دیارتر و کاریگەرترە، هەربۆیە دەبێت هێندەی ئەو قورساییەی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و ناوچەکە هەیانە، بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ و وەک دوو هێز رۆلێ سەرەکیان هەبێت لە وەرگرتنی بەرپرسیارێتی و چارەسەرکردنی کێشەکان. ( هەردوولا لەسەر ئەوە کۆکن کە پرۆسەی سیاسی بە هاوبەشی نێوانیان بەڕێوەبەرن تا هەڵبژاردنی داهاتوو، داوا لەلایەنەکانی تریش دەکەن بەشداری حوکمڕانیان بکەن، گەر نەیانکرد، ئەم دوو لایەنە بەو بەرپرسیارێتیە بگرنە ئەستۆ).

لەم نێوەندەدا لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان، هەردوو لایەن رێککەوتوون لەسەر ئەوەی گۆڕانکاری لەسەرۆکایەتی پەرلەماندا بکرێت و سەرۆکایەتییەکی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێردێت، هەرچی پارتیە دەیەوێت سەرۆکی پەرلەمان نەدرێتەوە بە گۆڕان، بەڵام یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە سەرۆکی پەرلەمان بدرێتەوە بە گۆڕان، بەڵام هەردوولا کۆکن لەسەر ئەوەی کە سەرۆکی پەرلەمان نابێت د. یوسف محەمەد بێت.

لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، یەکێتی پێێ باشە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لای پارتی بمێنێتەوە.( لەم ڕوەوە یەکێتی هیچ ڤیتۆیەکی لەسەر بارزانی نییەو دژی مانەوەی نین)، پێشنیاری دووەمیان دانانی دەستەیەک بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پێشنیاری سێهەمیش دانانی کەسێکی بێ لایەن و بە رێککەوتنی هەموو لایەنەکان ببێتە سەرۆکی هەرێم.

پارتی و یەکێتی لاریان نی یە لەسەر مانەوەی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم وەک ئێستا، بەڵام لەگەڵ کەمکردنەوەی ژمارەی وەزارەتەکاندان بۆ ١٠ یان ١٢ وەزارەت، هەروەها هەردوولا دووپاتیدەکەنەوە پاڵپشت و هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبن بۆ چارەسەری قەیرانی ئابووری. 

سەرچاوەکەی سپی پێوایە بەم پێیە بێت، تەنها سەرۆکایەتی پەرلەمان دەگۆڕدرێت و یەکێتی لەگەڵ گۆڕینی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەتدا نییە.

هەردوولا رێککەوتن کە هەوڵی سازدانی ریفراندۆم لە ناوچە جێناکۆکەکان بدەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان، ئەو ناوچانەی بەناوچە مادەی ١٤٠ ناسراون. هەروەها بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا وەفدێکی هەمەلایەنە پێکبهێنرێت و سەردانی بەغدا بکرێت.

لەسەر چارەسەری کێشەی لایەنە کوردیەکانی پارچەکانی تری کوردستان و بەدیاریکراوی پارتی کرێکاران و دۆسیەی شەنگال، بەپێی سەرچاوەکەی سپی، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت گەریلاکانی پەکەکە ناوچەی شەنگال چۆڵ بکەن، هەرچی پارتی یە زیاتر توندە، یەکێتیش لەگەڵ چۆڵکردنیدایە، بەڵام لە رێگای گفتوگۆوە.

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەو دەستپێشخەریەی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، لە کاتێکدا کە مەکتەبی سیاسیەکەی خۆی کۆنەبۆتەوەو لەسەر پرسەکان بە یەکگرتووی گفتوگۆیان نەکردووە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەگەر گۆڕان، یان لایەنێکی تر بەشداری نەکەن لە حکومەتدا، ئەو ئامادەیە حکومەت لەگەڵ پارتی پێکبهێنێتەوەو لەسەر سەرجەم پرسەکان لەگەڵ پارتی رێکبکەون.  
   



PM:09:30:14/01/2017