ئەمە ناوەڕۆکی پرسیارێکی کاک سالار مەحمود لە گۆڤاری لڤین بوو کە لە ژمارە ٣٤٤ بڵاوکراوەتەوە، وەک دوێنێ گوتم لێرە پرسیار لەگەڵ ئێوە شەیریان دەکەم بۆ ئەوەی درێژ نەبێت و تاقەتی خوێندنەوەتان هەبێت.
کاک سالار پرسی: بەسەرنجدان لە کۆبوونەوەکانی پێشوویان هیچ ئومێدێک لە دەستپێکردنەوەی دانووستانەکانی ئەمجارەشیاندا نییە، ئایا هاوڵاتییان حەقی خۆیان نییە بێئومێدبن؟ ئێوە چۆن لە گەڕی ئەمجارەی کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی و لایەنەکانی دیکە دەڕوانن؟ پێتانوایە زەمینە سازاو بێت بۆ ڕێکەوتن و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە سیاسییەی هەیە؟
شێرکۆ: هاوڵاتیان هەقی خۆیانە نەک هەر نائومێدبن بەڵکو بەگومانەوە تەماشای هەموو هەڵسوکەوتو نیازێکی ئەو بەناو حیزبانەی هەرێمی کوردستان بکەن. هۆکاری بوونی گومان لای هاوڵاتیان زۆرە. هەندێکیان لەوانەیە پێیانوابێت کە قەیرانو کێشەکان کە ئەم نوخبە سیاسییە حاکمە خۆی خوڵقاندویەتیو بەرهەمیهێناوە بەهەمان نوخبە تێناپەڕێنرێت، نەک تەنیا لەبەرئەوەی کە ئەم نوخبەیە ناشارەزاو کەمتوانییە، کە ئەمانە بەشێکی کێشەکانن، بەڵکو لەبەرئەوەی چارەسەرکردنی کێشەکان بەزەرەری نوخبە سیاسییەکە دەگەڕێتەوە. ناکرێت ئێستا گەڕی ئەمجارەی کۆبوونەوەکان بەوردی هەڵبسەنگێنین چونکە هێشتان "دانوستانەکان" لە چایخواردنەوەو بەخێربێی ئەزبەنی تێپەڕینەکردوە. بەڕەچاوکردنی ئەوەی کە بارزانی لە پەیامەکەی ئامادەیی خۆی بۆ دەستلەکارکێشانەوەو هەڵوەشاندنەوەی حکومەت دەربڕیو ئەوەی کە گۆڕانو لایەنەکانی دیکە تا ئێستا هیچ پێشمەرجێکیان دانەناوە بۆ دانوستان دەکرێت بڵێین کە تروسکایەک هەیە بۆ بەردەوامیی گفتوگۆکان. تروسکایەکە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسییەکان نییە چونکە قەیرانە سیاسییو ئابورییو داراییەکانی هەرێم زۆر لەوە گەورەترو ئاڵۆزترە کە بە گفتوگۆکان تێپەڕێنرێت.
لەڕاستیدا ئەو نوخبە سیاسییەی کە ئێستا دەستڕۆیشتوە نەتوانای هەیە نە نیازیشی هەیە کە ئەم قەیرانانە تێپەڕێنێت. ئەوە نییە نێچیرڤان بارزانی هەر چەند ڕۆژێک پێش ئێستا گوتی ئێمە ئامادەنین کە ڕێکەوتنەکەمان لەگەڵ تورکیا بدەینەدەست ئەو کۆمپانیایانەی کە بۆ وردبینی لە فرۆشی نەوت هێنراون بۆ هەرێم.
ئەوان بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان دەیانەوێت موچەی چەند کەسێکی بندیواری بێدەسەڵات ببڕن. من پێموایە بڕە پارەی دەستکەوت لەبڕینی موچەی هەموو دووموچەکانو هەموو بندیوارەکان ناکاتە چارەگی چارەگی ئەو بڕە پارەیەی کە لە بودجەی گشتی بۆ یەکێتییو پارتی وەک حیزب تەرخانکراوە. پرسیار ئەوەیە، ئایا یەکێتییو پارتی ئامادەن کە موچەی ئەندامانو حیمایەکانو میدیا زەبەلاحەکانیان ببڕنو پارەکە بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی میللەت؟ ئایا ئەوان ئامادەن کە بڕە پارەی تەرخانکراو بۆ ئەو هەموو تەلەفزیۆنو گۆڤارو ڕۆژنامەو سەنتەرو مەنتەرانە ببڕنو بگێڕنەوە بۆ گیرفانی میللەت؟ ئایا ئەوان ئامادەن دەستبەرداری کۆمپانیا زەبەلاحەکانی حزب بنو خۆماڵییان بکەن؟ ئایا کەسە دەستڕۆیشتوەکانی ناو یەکێتییو پارتی (بۆیە ناڵێم یەکێتییو پارتی چونکە تەنیا چەند کەسێک لەم دوو حزبە پشکیان هەیە) ئامادەن کە دەستبەرداری پشکەکانی خۆیان بن لە فرۆشی نەوت؟ ئەگەر ئەوانە بکرێن بەڵێ ئەو هیوایەی کە لە گفتوگۆکان بەدیدەکرێت دەکرێت لە تێپەڕاندنی قەیرانەکانیش ببینرێت، ئەگەریش نا، گفتوگۆکان لەکاتکوشتن شتی دیکەی لێ شین نابێت.
ڕۆژانی داهاتو وەڵامی پرسیارەکانی دیکەش دادەنێم