کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی لای چەپی موسڵ راگەیەنرا

ئەمرۆ چوارشەممە دەزگای دژە تیرۆری عێراق کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی لای چەپی موسڵی لە دەست چەكدارانی داعش راگەیاند.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تاڵیب شەغاتی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆی عێراق، کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی بەری چەپی موسڵی لەدەست چەکدارانی داعش راگەیاند و گوتی "ئەمڕۆ ئاهەنگ دەگێڕین بە ئازادکردنەوەی لای چەپی موسڵ... دوای سێ مانگ قارەمانانی دژەتیرۆر توانیان بەری چەپی موسڵ کۆنترۆڵ بکەنەوە".

سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری عێراق ئاماژەی بەوەشدا كە "هەموو عێراقییەکان هاوکاربوون لە کۆنترۆڵکردنەوەی بەری چەپی موسڵ".

وتیشی "داعش زیاتر لە 300 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوی ئاراستەی هێزەکانمان کرد. تەکتیکی دەگمەنی لەدژی ئێمە بەکارهێنا و شکستی هێنا".

سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق وتیشی "داعش هەرچی لەتوانایدابوو لەبەرامبەرمان ئەنجامیدا، (بەڵام)  سێ هەزار و 300 کوژراویان هەیە".

سەرۆکی دژەتیرۆری عێراق مژدەی ئەوەشی دا "کۆنترۆڵکردنەوەی بەری راستی موسڵ ئاسانتر دەبێت".



PM:02:09:18/01/2017