حكومەتی هەرێم پەیامێكی بەپەلە ئاراستەی فەرمانبەران دەكات
لەپەیامێکی بەپەلەدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوا لە فەرمانبەران دەکات بە زووترین كات سەردانی بانقەكان بكەن و لە سیستەمی بایۆمەتری خۆیان تۆمار بكەن، چونكە ھەر فەرمانبەرێک لەو سیستمەدا ناوی تۆمارنەکات موچەكەی دەبڕدرێ.
سەرچاوەیەک لەئەنجومەنی وەزیران بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ دوا بڕیار لەبارەی سیستمی بایۆمەتریەوە دراوە کە تاوەکو ١٥ی شوبات بەردەوامبێت، بڕیاردراوە تەنھا سەعاتێکیش ماوەی سیستمی بایۆمەتری درێژنەکرێتەوە، بۆیە ئەوەش ئاشکرادەکەین، ھەر فەرمانبەرێک ناوی تۆمارنەکرابێت، لەوەرگرتنی موچە بێبەشدەکرێت.
سەرچاوەکەی ئەنجومەنی وەزیران تەئکیدیکردەوە، لەڕێگەی بەئەلیکترۆنیکردنی موچە، موچەی یاسایی و نایاسایی لێکجودا دەکرێنەوەو موچە وەھمیەکان لەسیستەم دەردەھێنرێن، بۆیە پێویستە لەسەر سەرجەم موچەخۆران، لەو سیستمەدا ناوەکانیان تۆمارکرابێت.
سەرچاوەكە وتیشی: ئەگەر ھەر فەرمانبەرێکیش خۆی تۆمارنەکردبێت تاوەکو ناوەڕاستی مانگی داھاتوو، ھیچ یەکەیەکی ژمێریاری مافی ئەوەی نییە موچەی پێبدات، چونکە ئامانجی سەرەکی لەسیستمەکە دروستکردنی داتابەیسێکی بایۆمەتری سەرجەم موچەخۆرانی ھەرێمە.
PM:03:31:18/01/2017