یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر ئەو لێكتێگەیشتنەی لەگەڵ پارتیدا لە رۆژی 11/1/2017 لەسەر رێكەوتن، بوونەتە دوو بەشەوەو ئەو حیزبە دوو رای زۆر دژ بەیەكیان لەسەر ئەو پرسە لەنێودا دروست بووە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە سپی رایگەیاند "زیاتر لە نیوەی سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەبەشداری ئەنجومەنی ناوەند، لەكۆبوونەوەو دیداردان بۆ ئەوەی دژی ئەو كۆبوونەوەیە بوەستنەوە كە رۆژی 11/1، لە نێوان یەكێتیو پارتیدا ساز كرا".
بەپێی زانیارییەكانی سپی لەنێو ئەو ئەندام سەركردایەتیو مەكتەب سیاسییانەی یەكێتی كە دژی ئەو كۆبوونەوەیەن، هەر یەك لە: رەفعەت عەبدوڵا، ئاسۆ ئەڵمانی، فەرید ئەسەسەردو چەندین ئەندامی سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی دیكەن كە ئەو كۆبوونەوەیە بە ناشەرعی دەزاننو بڕیارەكانیشی بە بڕیاری سەركردایەتی یەكێتیو مەكتەب سیاسییەكەی نازانن.
ئەو سەرچاوەیەی سپی ئەوەی ئاشكرا كرد كە لاهوری شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستنو زانیاریی لەگەڵ ئەم كادیرانەدایەو پاڵپشتییان دەكاتو سەرچاوەكە وتیشی "بڵاوكردنەوە ئەو ڤیدیۆ كۆنەی كە دوو مانگ لەمەوبەر لە دەربەندیخان گیرابوو و لەدوو رۆژ لەوەپێش لە تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان بڵاوكرایەوەو هێرشێكی توند دەكاتە سەر پارتی، ئامانجەكەی ناڕەزایی دەربڕینە بەرامبەر بەو كۆبوونەوەیە".
سەرچاوەكەی سپی ئاماژەی بەوەكرد چ لەباڵی زۆرینەو چ لە باڵی ناوەندی بڕیار، ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی دژی ئەو كۆبوونەوەیەی 11/1ن كە لەلایەن كۆسرەت رەسوڵو مەلا بەختیارەوە سەركردایەتی كرا.
بەپێی زانیارییەكانی سپی ئەم كادیرانەی كە دژی ئەو كۆبوونەوەیەن جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە لەكاتێكدا سەركردایەتی یەكێتیو مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە لەناوخۆیدا لەسەر پرسی رێكەوتن لەگەڵ پارتی كۆنەبووەتەوە "بەچ حەقێك ئەو وەفدە دەچن لەگەڵ پارتیدا رێك دەكەون".
سەرچاوەكەی سپی ئاماژەی بەوەكرد كە تا ئێستا بەرهەم ساڵحو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو پرسە ئاشكرا نەكردوە.
ئەو كادیرانەی دژی ئەو كۆبوونەوەیەن داوای سازدانی كۆبوونەوەی بەپەلەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەن لەسەر ئەو پرسە. (ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی یەكێتی 50 ئەندامە).
بەپێی ئەو لێكتێگەیشتنەی رۆژی 11/1/2017 لەنێوان پارتیو یەكێتیدا كراوە، ئەو دوو حیزبە وەفدێكی هاوبەش دروست دەكەن بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنەكانی ترو، بڕیاریان داوە هەر دوو لا سەركردایەتی حكومەتی نوێو ئەو گۆڕانكارییانە لە سەرۆكایەتی هەرێمو پەرلەمانو حكومەتدا بكەن، ئەگەر لایەنەكانی تریش بەشداری نەكەن، ئەوا خۆیان ئەو بەرپرسیارێتییە دەگرنە ئەستۆ.
بۆ زانیاریی لەسەر كۆبوونەوەكەی رۆژی 11/1/2017 ئەم لینكە بخوێنەرەوە.