وەزارەتی دارایی گۆڕانکاری لە خشتەی دابەشکردنی مووچەدا دەکات

وتەبێژی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان بڕیار وایە وەزارەتی دارایی گۆڕانکاری لە خشتەی مووچەدا بکات مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێش بخات.

فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی دواڕۆژی ڕاگەیاندووە "مەحمود حاجی ساڵح، وەزیری شەهیدان نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆئەوەی خشتەی دابەشکردنی مووچەی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان پێشبخرێت و بەجۆریک لە دوای وەزارەتی پێشمەرگە موچەی کەسوکاری شەهیدان دابەشبکرێت"

فواد عوسمان ڕاشیگەیاندووە "لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ نووسراو ئاراستە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کرا، هەر ئەوکات وەزیری شەهیدان وەڵامی سەرەتایی و زارەکی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش وەرگرتووە كه‌ ره‌زامەندی دەربڕیوە ئەو داواکارییە جێبەجێ دەکەن، بۆئەوەی خشتەی دابەشکردنی مووچە گۆڕانکاری تێدابکرێت و مانگانه‌ مووچه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراون پێشبخرێت"

وتەبێژەکەی وەزارەتی شەهیدان دەشڵێت ئەنجومەنی وەزیران تائێستا ئەو داواکاریەى بە نوسراو نەخستۆتە بەردەم وەزارەتی دارایی و وەڵامی نوسراوەکه‌ی ئێمەش نەدراوەتەوە، بەڵام چاوەڕوانی وەڵامی ئەنجومەنی وەزیرانن بۆئەوەی گۆڕانکاری لە دابەشکردنی خشتەی مووچەدا بکرێت، بەجۆرێک مووچه‌ى کەسوکاری شەهیدان بێتە پێش و ھەموو مانگێکیش دابەشبکرێت".



PM:08:36:24/01/2017