ئەمەریکا ناوچەیەکی ئارام لە سوریا دروستدەکات

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات ناوچەیەکی ئارام لە سوریادا دروستدەکەن.

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند '' من دەبمە سەرۆکی وڵاتێکی ئارام، کێشەمان زۆرە بۆیە ناوچەیەکی ئارام لە سوریادا دروستدەکەین''.

هەروەها ووتیشی '' پێموایە وڵاتانی ئەوروپا هەڵەیەکی گەورەیان کرد لەبارەی کۆچبەرانەوە کە درگای بەرووی چەندین ملیۆن کۆچبەردا کردەوە و رێگای دا رووی تێبکەن و ئەمەش کارەساتی لێدەکەوێتەوە''.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر ئیدارەی باراک ئۆباما بەهەموو شێوەیەک دروستکردنی ناوچەی ئارامی لە سوریادا رەتکردەوە کە بەردەوام تورکیا داوای دەکرد باکوری ئەو وڵاتە بکرێتە ناوچەیەکی ئارامی دژە فڕین.

کوردانی سوریا و بەتایبەتی ئیدارەی کانتۆنەکانی رۆژئاوا مەترسی ئەوەیان هەیە کە ئەو ناوچە ئارامە لەژێر سەرپەرشتی تورکیا لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەواندا دروستبکرێت، تا ئێستا نەزانراوە پلانی دروستکردنی ئەو ناوچەیە چۆنەو لەکوێدا دروستدەکرێت و ئیدارەکەی چۆن دەبێت.



AM:10:20:26/01/2017