پەرلەمانتارێکی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق داوا دەکات هەردوو لیژنەی پەرلەمانی بۆ بەدواداچوونی پارە براوەکانی دەرەوەی هەرێم و بەغدا بۆ دەرەوەی عێراق، مووچەی هاوڵاتیانی هەرێم چالاک بکرێت و بەگەیەنرێتە هەنگاوی کرداری.
هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی گۆڕان، لە نامەیەکی فەرمی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتاران داوا دەکات، دوو لیژنەی تایبەت بە گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان و کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، کارا بکرێن.
لەو نامەیەدا، هۆشیار عەبدوڵا داوا دەکات پەلە بکرێت لە دەرکردنی یاسای نەوت و گازی عێراق، هەروەها داوا دەکات یاسای تایبەت دەربکرێت بۆ بەداواچوونی ئەو پارانەی براونەتە دەرەوە، نەک ئەو بڕە پارانەی سەردەمی سەدام بەتەنها، بەڵکو ئەو پارانەی لەدوای رووخانی رژێمیشەوە لەلایەن بەرپرسانی عێراق و بەرپرسانی کوردەوە براونەتە دەرەوە.
دەقی نامەکە..
پارە دزراوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان،و
نەوت و گازی عێراق پێویستیان بە یاسایە..
بە نامەیەکی فەرمیی کە ئاراستەی؛
دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سەرۆکی تێکڕای کوتلەکانی پەرلەمان
سەرۆکی لێژنە تایبەتەندەکانی پەرلەمانمان کردوە و
لە ڕێگەی کاراکردنی دوو لیژنەی تایبەت بە گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان و کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ، دوو داواکاریمان ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردوە :
یەک/ #کێشە_موچەی_فەرمانبەرانی_هەرێم کە لە مانگی ۹ ی ساڵی ڕابردوو لە ناو پەرلەمان کرایە بڕگەیەکی سەرەکی و گفتوگۆ کرا و لێژنەی بۆ دروستکرا یەکێک لەو ڕاستیانەی ڕونە لای هەموان ئەوەیە کە یاسایەک نیە مەلەفی نەوت و گاز لە نێوان هەرێم و حکومەتی عێراق ڕێکبخات ، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مەلەفی نەوت لە عێراق و ڕزگارکردنی نەوتی هەرێم و ماماڵەیەکی دروست لەگەڵ ئەو سەرچاوە سروشتیە گرنگەدا ، پەلەکردن لە دەرکردنی قانونی نەوت و گاز باشترین چارەسەرە و ئەرکێکی هەنوکەیی و هەرە لە پێشە.
دو/ بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی عێراق ، ئەوانەی لە دوای ساڵی۲۰۰۳ وە دزراون و براونەتە دەرەوە پێویستمان بە دەرکردنی یاسایەکی تایبەت هەیە ، چونکە یاساکانی ئێستا تەنها شمولی ئەو پارانە دەکەن کە لەسەردەمیی بەعسدا نێردراونەتە دەرەوە .
#یاسای_نەوتوگاز کە لە سەرەتاوە تا ئێستا لایەنی کوردی یەکێک بوە لە ڕێگرەکانی و نەیهێشتوە دەربچێت ، پێویستە وەک ئەرکێکی نیشتیمانی و لە پێناوی پاراستنی نەوت لە قۆرغکاری و تاڵانیی و بەکارهێنانی بۆ خزمەتی هاوڵاتیان لە عێراق و هەرێمیشدا ، یەکێک بێت لە داواکاریە هەرە لە پێشەکانی پەرلەمانتاران بە گشتی و پەلەمانتارانی کوردستان بە تایبەتی ، مانەوەی مەلەفی نەوت بەو شێوەیەی ئێستا نەک هەر ئێستامان کە داغان و وێرانی کردوە ، بەڵکو ئایندەشمان دەخاتە بەردەم گەورەترین مەترسی سیاسی وئیداری و کۆمەڵایەتی .
#یاسایەک_بۆ_هێنانەوەی_پارەدزراوەکان_ لە عێراقی دوای ساڵی ۲۰۰۳ ئێجگار گرنگە چونکە دوای ئەو داوایەی سەرەتای ساڵی ۲۰۱٦ پێشکەشمان کرد لە ناو دانیشتنی پەرلەمان و کۆبونەوەی لایەنە تایبەتمەندەکانی بۆکرا دەرکەوت کە یاساکانی ئێستا تەنها ئەو پارانە دەگرێتەوە کە لە سەردەمیی ڕژێمی بعپدا دزراون و براونەتە دەرەوە ، بە دەیان و سەدان بەرپرسی عێراقی ، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ، ملێۆنان و ملیاران دولاریان دزیوە وبردویانەتە دەرەوە و ڕۆژێک هەر دێت ئاشکرا ببن و بگەڕێندرێنەوە بۆ خەڵک ، دەرچواندنی یاسایەک بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانە ئەرکێکی تری گرنگە کە دیسان پێویستە پەرلەمانتارانی کوردستان ڕوڵی گەورەی تێدا بگێڕین .
هۆشیار عەبدوڵا
ئەندامیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بەغداد
۲٦ ی یەنایەری ۲۰۱۷