پەرلەمانی عێراق متمانەی بە دوو وەزیر بەخشی

پەرلەمانی عێراق لەكۆبوونەوەی ئەمرۆی خۆیدا متمانەی بە هەریەك لەوەزیری بەرگری‌و ناوخۆ بەخشی‌و متمانە بە وەزیرەكانی بازرگانی‌و پیشەسازیش نەدرا.

دوای پێشکەش کردنی ناوی کاندیدانی چوار وەزارەت بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەر یەک لە قاسم ئەعرەجی بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری و عیرفان حەیالی بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆی عێراق متمانەی پەرلەمانیان وەرگرت و هەریەک لە کاندیدی وەزارەتەکانی بازرگانی و پیشەسازیش لەلایەن پەرلەمانتارانەوە رەتکرانەوە.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، گەیشتە پەرلەمانی عێراق و لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆبوەوە، بۆ پێشکەشکردنی ناو و سیڤی کاندید بۆ پۆستی وەزارەتە بەتاڵەکان، بۆ ئەوەی لە پەرلەمان متمانەیان پێببەخشرێت.

دواتر لە کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراقدا ناو و سیڤی کاندیدەکان خرانە بەردەستی پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت، هەرچەندە عەبادی لە کاتی دانیشتنەکەدا ناوی یوسف ئەسەدی لە بری نەجمەدین محەمەد بۆ پۆستی وەزارەتی پیشەسازی پێشکەش کرد، بەڵام پەرلەمانتاران بەخشینی متمانەیان بە هەریەک لە یوسف ئەسەدی و ئەنعام عوبەیدی رەتکردەوە و دواتریش کۆبونەوەی پەرلەمان بۆ هەفتەی داهاتو دواخرا.



PM:03:47:30/01/2017