لیژنەی دارایی روونکردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران لەسەر گۆڕینی ژمارەیەک لەفەرمانگەکانی ھەرێم لەرەگەزنامەو باری شارستانییەوە بۆ کارتی نیشتمانی روونکردنەوە دەدات و بڕیاردەری لیژنەکە دەڵێت"بەھیچ شێوەیەک راژەی ئەو فەرمانبەرانە ڕاناگیرێت".

ئەحمەد حاجی ڕەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێکی بۆ تۆڕی سلێمانی رایگەیاند: ھیچ گرفتێک بۆ فەرمانبەرانی ئەو فەرمانگانە و فەرمانبەرەکانیشی دروست نابێت کەلەلایەن حکومەتی ئیتحادییەوە فەرمانگەکەیان لەرەگەزنامەی باری شارستانیەوە گۆڕادراوە بۆ فەرمانگەی کارتی نیشتمانی، بەھیچ شێوەیەک راژەی ئەو فەرمانبەرانەیان ڕاناگیرێت.

وتیشی: بەغدا ھەمیشە کار لەسەر ئەوە دەکات کەسەرجەم فەرمانبەرانی عیراق بخرێتەژێر رکێفی حکومەتی ئیتحادییەوە، بەڵام ئەگەربیەوێت ئەوا زۆرئاسان دەتوانن گرفت بۆ ئەو فەرمانبەرانە دروست بکات.

ئەحمەد حاجی رەشید روونیشکرەوە فەرمانبەرانی میلاکی حکومەتی ئیتحادیی لەھەرێم رێژەکەیان زۆرنییە، جگەلەوەش پرۆسەی کارتی نیشتمانی چەند قۆناغێک لەخۆدەگرێت و لەئێستاشدا تەنھا ناسنامەی باری کەسێتی و رەگەزنامە لەھاوڵاتیان وەردەگرێتەوە.

راشیگەیاند: لەداھاتوودا کارتی زانیاری و فۆڕمی خۆراکیشی دەخرێتەسەر کارتی نیشتمانی و ھاوڵاتی تەنھا کارتی نیشتمانی و پاسپۆرتی دەبێت، بۆ سەرجەم مامەڵەکانی، بۆیە بەھیچ شێوەیەک مەترسی لەسەر راژەی ئەو فەرمانبەرانە نابێت.



AM:11:22:02/02/2017