گەورەترین گەندەڵی لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا ئاشکرا دەبێت

لەگەڵ تۆمارکردنی ٨٤٢ هەزار فەرمانبەر لە سیستەمی بایۆمەتری، دەیان هەزار مووجەخۆری وەهمی و زیاد لەمووچەیەک و خەڵک هەبووە دوو مووچەی لەیەک وەزارەت وەرگرتووە، کەسی دیکەش هەیە پێنج مووچەی لە شوێنی جیاواز وەرگرتووە.

ماڵپەڕی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە حیزبەکەیان بەشدارێکی سەرەکی کابینەکانی حکومەت بووەو ئاگادار وردو درشتی  کارەکانی حکومەتە لە میانەی راپۆرتێکدا بڵاویکردۆتەوە " تائێستا 842 هەزار فەرمانبەری هەرێمی كوردستان لەسیستمی بایۆمەتری خۆیان تۆماركردوەو لەڕێی سیستمەكەشەوە دەیان هەزار مووچەخۆری وەهمیی و زیاد لەمووچەیەك ئاشكرا دەبێت، هەر بەهۆی سیستمەكەوە ئاشكرابووە كە خەڵك لەدوو وەزارەت دوو موچەی وەرگرتوە، كەسی دیكەش هەیە پێنج موچەی لەشوێنی جیاواز هەبووە، جگە لەوانەش كەسانی تێدایە بەقانون دەیان موچەی هەیە.

لەچوارچێوەی سیستمی بایۆمەتری، 842 هەزار فەرمانبەران خۆیان تۆماركردووە كە دەكاتە  نزیكەی 90% فەرمانبەرانی مەدەنی، بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتووشدا یەكە سەربازییەكان و ئاسایش دەستپێبكات.

بەپێی ئامارێكی سەرەتایی كە لەسەرچاوەیەكی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەست PUKmedia كەوتوە: تائێستا 90% فەرمانبەران و 78%ی خانەنشینان و 60%ی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی و 82%ی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان خۆیان تۆماركردووە.

سەرچاوەكە ئاشکرایكردووە" تائێستا نازانن چەند موچەی زیادەو بندیوارو دوو موچەو زیاتر ئاشكرا دەبێت، بەڵام بەدڵنیایەوە ژمارەیەكی زۆر موچەخۆری زیادەو بندیوارو وەهمیی هەیەو ژمارەیەكی زۆریان بەردەستەو ئاشكرایان كردووە".

سەبارەت بەگرتنەبەری رێوشوێنی قانونی لەدژی ئەوانەی پێشێلی قانونیان كردووەو موچەی زیادە یان زیاد لەموچەیەك یان وەهمیان هەیە، سەرچاوەكە رونیكردەوە " كە قانونی بەرزەفتی فەرمانبەران و قانونی دیكەی جینایی هەیەو بەپێی قانون مامەڵە لەگەڵ كەسەكان دەكەین، بەڵام بێگومان دەبێ‌ ئەوكەسانە سزا بدرێن".

سەرچاوەكە باسی لەوەشكرد: لەكۆبونەوەی ژمارە 73ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە نیسانی 2016 بڕیاردرا پرۆژەی سیستمی بایۆمەتری جێبەجێبكرێت و لە مانگی 11ی 2016شدا بەكردار چووە بواری جێبەجێكردن و تائێستا نزیكەی لە 90%ی فەرمانبەرانی مەدەنی حكومەت و دامودەزگاكانی حوكمڕانی خۆیان تۆماركردووە.

سەرچاوە تایبەتەكەی راشیگەیاند: قسەیەك هەیە كە یەكەكانی 70 و 80 هێزی پێشمەرگە تۆمارناكرێن، بەڵام هەموولایەك دڵنیادەكەینەوە هەموو موچەخۆرانی كوردستان بەسەربازیی و مەدەنییەوە تۆماردەكرێن، هەركەسێك نەیەت خۆی تۆماربكات، لەدوای ماوەی دیاریكراو موچەكەی رادەگیرێت.

سەرچاوەكە باسی لەوەشكرد كە كە هاوڵاتی هەیە بەقانون زیاتر لەموچەیەكی هەیە، بۆ نمونە كەسوكاری شەهیدو ئەنفال، یان كەمئەندانانی سەنگەر، یان زیندانیانی سیاسی..هتد، بۆیە ئەمە پێویستە قسەی لەسەر بكرێت و یەكلایی بكرێتەوە چی بكرێت لەوبارەیەوە.

بەوتەی سەرچاوەكە لەماوەی سێ‌ مانگی رابردوو لە شاری هەولێر 316 هەزار كەس و لە سلێمانی بەگەرمیان و هەڵەبجەوە 361 كەس و دهۆكیش 166 هەزاركەس كە كۆی گشتی دەكاتە 842 هەزار كەس، خۆیان تۆماركردووە.

ئەو سەرچاوە تایبەتەی ئەو ماڵپەڕە ئاشكرایكردووە" نازانرێت چەند موچەی زیادە یان وەهمی یان بندیوار ئاشكرا دەبێت، بەڵام پێشبینی دەكەن لەنێوان 150 بۆ 200 هەزار موچەی زیادە ئاشكرا ببێت، ئەگەر ئەو ژمارەیەش بگەڕێتەوە بۆ حكومەت ئەوا بەدڵنیاییەوە كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر حكومەت بۆ پێداچونەوە بەپرسی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران، هەرچەندە بەبێ‌ ئەمەش حكومەت بیری لەپێداچونەوە لەپاشەكەوتی موچەخۆران كردۆتەوە".




AM:09:59:07/02/2017