فەرماندەیەکی یەکێتی چووە ناو پارتیەوە

فەرماندەی هێزی پاراستنی شنگال و ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حەیدەر شەشۆ، بە دور لە چاوی میدیاكان لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆدەبێتەوە، دەشڵێت "هێزی پاراستنی ئێزیدیخان لەژێر فەرمانی بارزانی-دا دەبێت".

لەبارەی ئەو كۆبونەوەیە، شەشۆ بە رۆژنامەی "ئاوێنە"ی وتوە "لەگەڵ جەنابی سەرۆك كۆبوینەتەوە و لەسەر ئەوە رێككەوتوین هێزی پاراستنی ئێزیدیخان بخرێتەسەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە".

حەیدەر شەشۆ ئەوەشی ئاشكراكردوە، كە لە كۆبونەوەی ئەم دواییەیدا لەگەڵ بارزانی بۆ چونە سەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە، مەرجی ئەوەبووە هێزەكانی پاراستنی ئێزیدیخان بە هەمان ناوی خۆی و ئاڵای خۆیەوە بمێنێتەوە. دەشڵێت "ئێمە هێزێكی ئێزدیی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە دەبین".

حەیدەر شەشۆ بە رۆژنامەكەشی وتوە "بارزانی فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، وەختێك هێزی ئێزیدیخان لەسەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە بێت، بە تەئكید ئەو فەرماندەی ئێمەش دەبێت و هێزی پاراستنی ئیزیدیخان لە ژێر فەرماندەیی ئەودا دەبێت".

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە ماوەی دوو رۆژی رابردودا بڵاوكراونەتەوە، حەیدەر شەشۆ بۆتە ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەنێوەندگیریی قاسم شەشۆی مامی-یشی سەردانەكەی بۆ لای بارزانی رێكخراوە.

لەوبارەیەشەوە داود جوندی جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی موسڵی یەكێتی بە رۆژنامەكەی وتوە "هەرچەندە تائێستا حەیدەر شەشۆ هەڵوێستی خۆی بە ئاشكرا رانەگەیاندوە كە چۆتە ناو پارتی-یەوە، بەڵام بەدڵنیایی پارتی-یە".



AM:10:31:07/02/2017