لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپدا کە شەوی رابردوو ئەنجامدرا، هەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەهەموو جۆرەکانییەوە کردەوە.
بەپێی ئەو بەیاننامەیەی کە لەناوەندی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە ئەردۆغان هیوای سەرکەوتنی لە کارەکانیدا بۆ ترەمپ خواستووە و جەختی لەوەکردووەتەوە کە تورکیا و ئەمریکا هەمیشە پابەندیی هاوپەیمانیی نێوانیانن و دوو وڵاتی دۆست و هاوپەیمانن.
باس لەوەشکراوە کە هەردوولا جەختیان لە سووربوونی خۆیان لە بەردەوامییدان بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەهەموو جۆرەکانییەوە کردووەتەوە.
لای خۆیشییەوە دۆناڵد ترەمپ جەختی لە پشتیوانییەکانی بۆ تورکیا وەک هاوبەشێکی ستراتیجیی و هاوپەیمانێکی ناتۆ، کردووەتەوە و بەخۆشحاڵییەوە پێشوازیی لە رۆڵی تورکیا لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا کردووە.
ئەو پەیوەندیە تەلەفونییەی نێوان ئەو دوو سەرۆکە دوای چەندان پەیوەندی تەلەفونی نێوان ترامپ و سەرکردە جیهانییەکان دێت کە لە ١/٢٠ پۆستی سەرۆکی ولآتی ئەمەریکای وەرگرتووە.