عێراق و ئێران لەسەر نەوتی کەرکوک رێکدەکەون
بۆ کورد دەبێتە کێشە

وەزارەتی نەوتی عێراق رای گەیاند كە یاداشتێكی لێكگەیشتنیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی ئێران واژوو كردووە بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی هەناردنی نەوتی كەركووك لە رێگەی خاكی ئێرانەوە، چاودێرانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو پرسە دەبێتە مایەی کێشە.

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی نەوتی عێراق عێراق و ئێران رێککەوتوون پێكهێنانی لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لە راكێشانی لوولەیەكی گواستنەوەی نەوتی خاوی عێراق لە كێڵگەكانی كەركووكەوە بە خاكی ئێرانەوە، هاوکات هەردوولا رێککەوتوون لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكیش بۆ گواستنەوەی نەوتی خاوی عێراق لە بەسڕەوە بەرەو عەبادان. 

یاداشتەكە باسی بەردەوامیی هاریكاری لە بواری گەیشتنی غازی ئێرانی بۆ وێستگەكانی كارەبای عێراق و بانگهێشتنی كۆمپانیاكانی ئێران بۆ بەشداریكردنی لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە كەرتەكانی نەوت و غاز و بەشداریكردنیان لە ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانی دامەزراوەكانی نەوتی و غازی و كارگەی پترۆكیمیایی لە بەسڕە كردووە.

لەو ناوەدا ئێران ئامادەیی بۆ تەرخانكردنی كورسی خوێندن لە شارەزایی نەوت بۆ قوتابیانی عێراق پێشان دا و جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق لای خۆیەوە رای گەیاند كە وتوێژەكانیان لەگەڵ بێژەن زەنگەنەی هاوتا ئێرانییەكەی ئەرێنی بووە.

دووشەممە بێژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران بە سەردانێكی یەكڕۆژە گەیشتە بەغدا و لەگەڵ جەبار لعێبی هاوتا عێراقییەكەی كۆ بووەوە و راشی گەیاند كە یەكەم لوولەی گواستنەوەی غازی ئێران لە كرمانشانەوە بەرەو پارێزگای دیالە ئامادەیە بۆ دەست بەكاركردن.



AM:10:43:21/02/2017