وێنەیەکی دەگمەنی مامە ریشە رۆژێک پێش شەهیدکردنی

مامەریشە پێشمەرگەی ناسراوی گەرمیان و کوردستان کە ژمارەیەک وێنەو چەند ڤیدیۆیەکی کەمی هەیە، ئەم وێنەیەی لە ١٩٨٥/١/٢٣ گیراوە کە بۆ بەیانی لە لەیلان شەهید کرا.

نەجمەدین شوكر رەئوف لە1957 لەدێی تاڵەبانی چەمچەماڵ لەدایكبووە، تەمەنی منداڵی پڕ بووە لەبزێوی و كاری تاقەت پڕوكێن، شوانی و جوتیاری ئاژەڵداری کردووە.

لە1978 ئیستخباراتی عەسكەری، (كامیل تەیب دێوانە) یان لەزیندانی ئەبوغرێب بەردا بەهۆی تاوانێكەوە 20 ساڵ حوكم درا بوو، بۆ ئەوەی بگاتە گەرمیان تا (سیروان تاڵەبانی یان سەركەوت) بكوژێت، كامیل لەگەڵ تالیبی حاجی جەمال بەدوو چەكەوە روودەكەنە گوندی (حەفتا چەشمە)، بۆبەدەستهێنانی متمانەش، دەیانەویست موختاری گوندەكە بكوژن، بەڵام بەڕێكەوت موختار لەوێ نابێت، ئێوارەكەی روودەكەنە گوندی تاڵەبان، لەوێ نەجمەدین وا دەزانێ ئەوانە پێشمەرگەن، بەیانیەكەی لەگەڵیاندا دەكەوێتە رێ روودەكەنە گوندی بنەكە، تالیب پیلانەكەی كامیلی پێ قبوڵ ناكرێت، دەگەڕێتەوە بۆ چەمچەماڵ، كامیل و نەجمەدین لەگوندی بنەكەی ناو زەنگنە بەحەمەجان و حەمەخان دەگەن هەر چواریان روو دەكەنە گوندی كانی عوبێد، سەركەوت و خالید گەرمیانی و سامان گەرمیانی و مەحمود سەنگاوی و مام ساڵحی گۆڕی ئەسپ لەوێ دەبن، نهێنی پلانەكەی كامیل-یان پێ گەیشبتوو پێشوازیان لێدەكەن، لەكاتی جەولەدا سامان گەرمیانی و مەحمود سەنگاوی، كامیل چەك دەكەن.

هەر لەوێ؛ نەجمەدین و حەمەجان و حەمەخانیش دەگرن، دوای لێكۆڵینەوەیە، لێیان دەدەن، كامیل  دان بەپیلانەكەدا دەنێ، حەمەجان و حەمەخان یش نهێییەكان دەدركێنن، تەنیا نەجمەدین دەڵی من ئاگام لەو پیلانە نییە، هاتوم ببم بەپێشمەرگە، پێشمەرگەكان زیاترلێی دەكەونە گومانەوە، جەستەی خەڵتانی خوێن دەكەن، دواتر دەیانبەنە  تیلەكۆ بۆ لای سیروان تاڵەبانی لێپرسراوی هەرێمی (5)ی قەرەداغ و گەرمیان، دوای لێكۆڵینەوە سیروان تاڵەبانی بڕیاردەدات نەجمەدین بەپێشمەرگە وەرنەگرن با بگەڕێتەوە بۆ گوندەكەیان، حەمەجان و حەمەخانیش بەربدەن، واز لەخیانەت بهێنن، كامیل-یشیان بەسزای شۆڕش گەیاند. نەجمەدین چەند رۆژێك لەگوندی كانی عوبێد مابوەوە، دواتر بەشوێن پێشمەرگەكاندا دەگەڕا، لەگوندی تیلەكۆی قەلەندەر سیروان تاڵەبانی و سامانی گەرمیانی دەبینێ دەڵێت: گەربشم كوژن، هەردەبم بەپێشمەرگە.

نەجمەدین دڵی شكا بوو، بڕیاریدا وەك پێشمەرگەیەك بەتەنیا  لەناوچەكانی دەووربەری (چەمچەماڵ و جەباری و هەمەوەندی و زەنگنەو قەرەحەسەن) بمێنێتەوە، تفەنگێكی پەرەشوتی پەیداكرد بەتەنیا جەولەی ئەكرد، دەنگ بڵاوبووە كەپێشمەرگەیەك بەتەنیا شەوان لە(تاڵەبان و  گۆران و دارەتوو، نۆرە و كوڕەداوێ) جەولە دەكات، خەڵكی توشی سەرسوڕمان كردبوو، نەجمەدین بەرۆژ خۆی حەشاردەدا، زۆرجار سەرماو برسیەتی بریسكی لێ بڕبوو، بەڵام ئەو عەشقی پێشمەرگایەتی بوو، وەك كادرەكانی كۆمەڵە هەڵسوكەوتی ئەكرد، دژی تەعریب و تەبیعس و تەهجیر بوو كتێبی عەرەبی قوتابخانەكانی كۆئەكردەوەو بەبەرچاوی ئاواییەكانەوە دەیسوتاند، هەندێك جار لەدورەوە تەقەی لەرەبایەكان دەكرد، ترسی مەرگی خستبووە دڵی موختارەكانەوە.

خالید گەرمیانی لەگوندەكاندا هەواڵی ئازایەتی نەجمەدینی پێ گەیشت، بەپێشمەرگە وەریگرت و دوای دوو مانگ دەركەوت  نەجمەدین پێشمەرگەیەكی ئازاو بەئیلتزامە.

توانایەكی بێ سنووری هەبوو لەهێرش و بۆسەدانان،  بەدوای خاڵی لاوازی دوژمندا دەگەڕا، لەكاتی شەڕدا قسەی زۆری ئەكرد دەیگوت من ریشەم، بەجۆرێك وشەكانی بەپەلەپەل دەردەبڕی كەس لێی تێنەدەگەیشت، لەسەرئەوە زۆر جار (شوانی كادر) پێی ئەوت: مامە ریشە بە مفرد قسە بكە  نەك  بەصەلیە.

لەبەهاری 1982 دا مامەڕیشە بە بڕیاری ملازم عومەر-ی لێپرسراوی مەكتەبی عەسكەری كرا بە فەرماندەی كەرتی 4 ی جەباری.
مامە ریشە نوێژی ئەكرد و نەیدەخواردەوە جگەرەی نەدەكێشا، كەم خۆرو خەو سوك بوو، عاشقی ناوچەی جەباری بوو، لەپلەی پێشمەرگایەتیدا لەفەرماندەی كەرتی چواری جەباری زیاتر هیچ پلەیەكی تری نەدەویست، كە برینداردەبوو زوو چاك دەبوەوە، لەهەر شوێنێك دابوایە خەڵك لێی كۆدەبووەنەوە، تا لەنزیكەوە بیبین و بیناسن، باوكی ریشە پیاوێكی بێ تاوان و بێ چەك بوو، دوژمن گرتی و  شەهیدیانكرد، مامە ریشە لەنامەكانیدا دەینوسی (شەهید پاسپۆرتی ئازادیە) لەكۆتایی نامەكەدا دەینوسی برات: مامەریشە عاشقی خاكی كوردستان.

پاش سەدان شەڕو داستانی گەورە گەورە لە ناوچە جیاجیاکانی گەرمیان و قەراخ و ناوچەکانی سلێمانی و دوای چەندینجار بریندار بوون و گەڕانەوە لە کەناری شەهیدبوون، لە کۆتایی دا لەساڵی ١٩٨٥ دا بە دەستی جاشە کوردەکان شەهیدکرا.
لە24/1/1985 مامە ریشە لەگەڵ دوو پێشمەرگەی تر دەچن بۆ نزیک بازگەیەک لەیلان لەخوار ئاوایی قازان بڵاخ دەکەونە کەمێنێکی جاشەکانی تەحسین شاوەیسەوە، هەركە گەیشتە شوێنی كەمینەكە  جاشەكان دەسڕێژیان لێ دەكەن، موحسین b.k.c بەسەر سوكانەكەوە بەردەکەوێت بەسەر سووکانەکەوە شەهید دەبێت، سەردار کە پێشمەرگەیەک بووە لە گەڵیدا بووە لە پیکابەکەدا هەوڵیدابوو خۆی فڕیداتە خوارەوە، بەڵام بواریان نەداوەوە و شەهیدیان کردووە، مامە ریشە سێ مەتر لەئۆتۆمبیلەكە دووردەکەوێتەوە، یەك سەلییە b.k.c یان نابوو بەسەریەوەو شەهیدکراوە.
وێنەکە لە "ئەرشیفی شاخەوە" وەرگیراوە



PM:05:55:21/02/2017