یەكێتی تۆپی پێی كوردستان چەند بریارێكی گرنگی دا

یەكێتی تۆپی پێی كوردستان رۆژی چوارشەممە لە بارەگای خۆیدا بەئامادەبوونی سەرۆك و جێگر و سكرتێر و گشت ئەندامانی یەكێتیەكە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و چەند بریارێكی گرنگی دا.

1- یەكێتی تۆپی پێی كوردستان ئیدانەی هەموو جۆرە رەفتار و هەر هۆتافێكی رەگەزپەرستانە و نا وەرزشی دەكەین.

داوا لە جەماوەری وەرزشی زاخۆی خۆشەویست دەكەین بە گیانی وەرزشی و برایەتی ئامادەی یارییەكان بن و رێز لە ئەنجامی یارییەكان بگرن.

هەردوو شاری زاخۆ و كەركووك و تەواوی شارەكانی كوردستان تێكۆشەر و نیشتمان پەروەرن و شایستەی رێز و خۆشەویستین و شایستەی خزمەت و پەرەپێدانی بزاڤی وەرزشی.

2- داوا لە راهێنەری یانەی كەركووك دارەوان قادر و رەمزی ساڵحی یاریدەدەری راهێنەر و هەریەكە لە یاریزانان (هەژار جەبار، كابان حاتم، بەرهەم بەهائەدین، دیار جومعە، مالمۆ سەندای) دەكەین، كە رۆژی شەممە 25-2-2017 كاتژمێر 11ی بەیانی لە بارەگای یەكێتیەكەمان ئامادە بن.

3- دوای لێكۆلینەوە و گفتوگۆ لەسەر یاری نێوان هەردوو یانەی زاخۆ و كەركووك لە خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان بانگهێشتكردنی سەرۆك و بەرپرسی راگەیاندنی یانەی زاخۆ و سەرپەرشتیاری یاری و سەرپەرشتیاری راگەیاندن و دەستەی ناوبژیوانان و خوێندنەوەی راپۆرتی لێژنەی لێكۆلینەوە.

بەهۆی رەفتاری رەگەزپەرستی و هۆتافی دوور لە گیانی وەرزشی و هاتنەژوورەوەی هاندەرانی یانەی زاخۆ بۆ نێو یاریگا و كەمتەرخەمی لە پیاوانی پۆلیس بریاردرا:

أ- سزادانی یانەی زاخۆ بەئەنجامدانی یارییەكانی داهاتووی:

1- ئەنجامدانی سێ یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەبێ ئامادەبوونی جەماوەر و یەكێتی تۆپی پێی كوردستان یاریگایەكە دەستنیشان دەكات.

2- ئەنجامدانی دوو یاری لە نێو یاریگای خۆی بە بێ ئامادەبوونی جەماوەر.

ب- غەرامەكردنی یانەی زاخۆ بە بری (3.000.000) سێ ملیۆن دینار و چاككردنەوەی پاسی گواستنەوەی یاریزانانی یانەی كەركووك.

ج- ئیدانەی هێرشكردنە سەر رۆژنامەنووسانی وەرزشی دەكەین لە لایەن هەر كەسێكەوە بێت پێویستە رێز لە رۆژنامەنووسانی وەرزشی بگیرێت و بانگهێشتكردنی هەموو ئەوانەی، كە هێرشیان كردووتە سەر رۆژنامەنووسانی وەرزشی لە یاری هەردوو یانەی زاخۆ و كەركووك.

4- لێكۆلینەوە بەردەوامە تا گەیشتن بەتەواوی راستیەكان ئینجا بریاری گونجاو و دادپەروەرانە لە كۆبوونەوەی داهاتووی یەكێتیەكەمان دەدرێت.

5- داوا لە دەستەی كارگێری یانەی زاخۆ دەكەین سەردانی یانەی كەركووك بكات بۆ لێبوردن و قولكردنەوەی گیانی برایەتی لە نێوان شاری كەركووك و زاخۆ بەهەماهەنگی لەگەڵ یەكێتیەكەمان.

6- داوا لە دەزگا ئەمنیەكان و یەكە ئیدارییەكانی زاخۆ دەكەین بە زووترین كات لێكۆلینەوەی ورد ئەنجام بدات بۆ دەستنیشانكردنی ئەو كەسانەی، كە نا بەرپرسانە كێشە و گرفت و هۆتافی رەگەزپەرستی دەلێنەوە.

7- داواكارین لە جەماوەری وەرزشی كوردستان دەكەین، كە گیانی وەرزشی و برایەتی و خۆشەویستی لە نێو یاریگا و لە نێو شارەكانی كوردستان قولبكەنەوە.

ئەگەر ئەم جۆرە هۆتاف و كێشە و گرفتانە لە داهاتوو رووبدات بەهاوكاری و هەماهەنگی لە پیاوانی دەزگاكانی ئەمنی زانیاری و كەسانی ئاژاوەگێر دەستنیشان دەكرێت.

8- داوا لە گۆڵپارێزی یانەی هەولێر دیدار حامید دەكەین، كە رۆژی شەممە 25-2-2017 كاتژمێر 11ی بەیانی لە بارەگای یەكێتیەكەمان ئامادە بێت.


spee-kfa


PM:06:49:22/02/2017