گەورە بەرپرسێکی ئەمەریکا سەردانی کوبانێ دەکات

سیناتۆری گەورەی ئەمەریکا و سەرۆکی لیژنەی چەکداریکردن لە ئەنجومەنی پیران، جۆن مەکین سەردانی کوبانێ دەکات.

بەپێی لێدوانی چەند بەرپرسێکی ئەمەریکی بۆ رۆژنامەی ئەمەریکی "ول ستریت جورناڵ " کە رۆژی ٢/٢٢ بڵاوکراوەتەوە، جۆن مەکین سەردانێکی نهێنی لە رۆژانی شەممە و یەک شەممەدا بۆ کوبانێ کردووەو سەرکردە سەربازییەکانی ئەمەریکا و بەرپرسانی یەکینەکانی پاراستنی گەل " یەپەگە " و بەرپرسانی ئیداری کانتۆنی کوبانێیان بینیووە، هاوکات سەردانی بەرەکانی پێشەوەی شەڕیان لەگەڵ داعش لەو سنورە کردووە.

رۆژنامەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەو سەردانە ئاسایی نییە لەم کاتەدا کە ئیدارەی نوێی لەسەروبەندی دانانی نەخشەیەکی بەپەلەدایە بۆ پاکتاوکردنی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا و عێراق.

نووسینگەی مەکین ئەو هەواڵەیان پشتراستکردۆتەوەو ئاماژە بۆ ئەوە کراوە سەرەتای ئەمە هەفتەیە بۆ بەسەرکردنەوەی هێزەکانیان مەکین سەردانی سوریایان کردووەو ئەمەش دووەمجارە دوای ساڵی ٢٠١٣ سەردانی سوریا بکات.

ئەو سەردانەی مەکین لە چوارچێوەی ئەو سەردانەدا دێت کە بۆ هەردوو وڵات تورکیا و سعودیە ئەنجامی داو، ئامانجەکەشی شەڕی دژی داعش و قەلاچۆکردنی ئەو رێکخراوەیە.

مەکین کە سەرۆکی لیژنەی پڕ چەککردنە بەیەکێک لە کەسانی ناوەندی بڕیار لە ئەمەریکا دادەنرێت.

بەرپرسانی هێزەکانی سووریای دیموکراتی و یەپەگە تا ئێستا هیچیان لە بارەی ئەو سەردانەوە بڵاونەکردۆتەوە. 



AM:11:26:23/02/2017