بارزانی سبەی لەگەڵ ئۆردوغان کۆدەبێتەوە
هێزەکانی تری باشوور مەترسی هەڵگیرسانی شەڕیان هەیە

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاشکرای کرد سبەی ٢/٢٧ بارزانی و ئۆردوغان کۆدەبنەوە، هێزەکانی تری باشووری مەترسی ئەوەیان هەیە، ئۆردوغان لە بەهاری ئەمساڵ هێرشبکاتە سەر پەکەکە لە ناوچەکانی قەندیل و داوای هاوکاری لە بارزانی بکات.

 هەرچەندە بارزانی بە رۆژنامەیەکی ئەڵمانی راگەیاندبوو کە لەگەڵ ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاشدایە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکاتەوە، بەڵام ئەمە نیگەرانییەکانی هێزەکانی باشووری نەشاردەوە کە رەنگە ئەم سەردانەی بارزانی ببێتە مایەی هەڵگیرسانی شەڕێکی قورس لە لایەن تورکیاوە بۆ سەر بارەگاکانی پەکەکە لە قەندیل و داواش لە بارزانی بکرێت هاوکاری سەربازی و لۆجستی پێشکەش بە هێزەکانی تورکیا بکات.

لەم نێوەدا میدیاکانی گۆڕان و کەسە بەرپرسەکانی ئەو مەترسیەیان نەشاردۆتەوە کە چەند رۆژە لەمیدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویدەکەنەوە، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بەسپی راگەیاند" لێدوانە توندەکانی ئەم دووایەی بەرپرسانی تورکیا دژی پەکەکەو توندکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر قەندیل و، لێدوانی بەرپرسانی باڵای پەکەکە لە نزیکبوونەوەی هێرشی تورکیا بۆ سەر قەندیل، هەمووی ئاماژەن بۆ ئەوەی کە تورکیا دەیەوێت پێش سازدانی ریفراندۆم هێرش بکاتە سەر پەکەکەو فشاری تەواوبکاتە سەر کوردانی باکور تا لە کەشێکی ئاساییدا ریفراندۆمی سەر دەستور رەتنەکەنەوە".

کۆتایی هەفتەی رابردوو موراد قەرەیلان فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل لە رێگای میدیاکانی خۆیانەوە ئەگەری نزیکبوونەوەی ئەو ‌هێرشەی تورکیای بۆ سەر قەندیل ئاشکرا کرد، هەروەها داوای لە سەرکردەکانی باشور کرد لە پیلانەی تورکیاوە نەگلێن و بەشداری ئەو لەشکرکێشیە نەکەن، ئەمە جگە لەوەی هەڕەشەی لە " جاشەکانی" تورکیا کرد.

لە راگەیاندراوێكدا، وەزارەتی دەرەوەی توركیا روونیكردەوە 26 و 27 ئەم مانگە، واتە سبە و دووسبەی، بارزانی لە توركیا دەبێت و رۆژی یەكەم لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا كۆدەبێتەوە و رۆژی دووەمیش، لەگەڵ بینالی یڵدرم، سەرۆك وەیزرانی ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە.

لەبارەی ناوەرۆكی دیدارەكانیش، وەزارەتی دەرەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، پرسی شەڕی تیرۆر و پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان توكیا و ھەرێمی كوردستان و عێراق ناوەرۆکی کۆبوونەوەکان دەبێت.

دوایین جار بارزانی لە 23 ئابی ساڵی رابردوو سەردانی توركیای كرد و لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە كۆبووەوە.



PM:12:18:25/02/2017