ئەمەریكا نهێنییەكی سەدام لەسەر هەڵەبجە ئاشكرا دەكات

بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی ئەمەریكی سەدام حسێن، دیكتاتۆری پێشووی عێراق دانی بە چەند هەڵەیەكی خۆیدا ناوە‌و سەبارەت بە پرسیاركردن دەربارەی هەڵەبجەش توڕە بووە.

جۆن نیكسۆن یەكەم لێكۆڵەری ئەمەریكی بۆ لێكۆڵینەوەو ناسینەوەی سەددام حسێن سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق، چەند نهێنییەك لە بارەی چۆنیەتی لێكۆڵینەوەكانی ئاشكرا دەكات و دەڵێت، سەددام دانی بە هەڵەیەكی خۆیدا ناوەو بە پرسیاركردن لە بارەی هەڵەبجەش "زۆر" تووڕەبووە.

جۆن نیكسۆن، لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی العربیە چەند نهێنییەكی ئاشكرا كردووەو رایگەیاندووە، ئامانجی ئەمەریكییەكانیش بۆ لێكۆڵینەوە لە سەددام، وەڵامی لیستێكی 30-40 پریساری بووە، بەڵام ئامانجی هاتنی ئەمەریكا بۆ عێراق، لەناوبردنی چەكی كۆكوژی عێراق و دۆزینەوەی شوێنەكەی بووە.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، لەوكاتەی لە بارەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە پرسیاری لە سەددام كردووە، "زۆر تووڕە" بووە، نیكسۆن دەشڵێت: "سەددام حسێن بەو پرسیارە زۆر تووڕە دەبوو، بەشێوەیەك بە ئاشكرا پێیەوە دیاربوو كە لە ناخەوە خۆی دەخواتەوەو پێی وتم، من هیچ بڕیارێكم لە بارەی هەڵەبجە نەداوەو لەو بارەیەوە پرسیار لە نزار خەزرەجی بكە، ئەو بەرپرسی سەربازی بووە".

باسی لەوەش كرد، "دوای چەند مانگێك لە دەستگیركردنی سەددام، بۆم دەركەوت ئەوانەی دەیانڵێت راستە، هەرچەندە لەوكاتەی وەڵامی پرسیارەكانی دەدایەوە واهەستم دەكرد راستی ناڵێت، چونكە زۆر دەوەستاو بێدەنگ دەبوو، بەڵام دواتر بۆم دەركەوت، زۆربەی وەڵامەكانی بە راستی داوەتەوە".

بە گوێرەی گێڕانەوەكانی ئەو لێكۆڵەرەی دەزگای ئاژانسی ناوەندی هەواڵگری ئەمەریكا، سەددام بە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، تووڕە بووەو ترساوە لەوەی ئێران بەو هۆیەوە هەڵمەتێكی راگەیاندن لە دژی عێراق دەستپێبكات، بەم هۆیەوە عێراق زەرەرمەندی یەكەم دەبێت.



PM:02:25:25/02/2017