سپی زانیاریی ورد لەسەركۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی یەكێتی بڵاودەكاتەوە

گفتوگۆی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر نەخشە رێگای یەكێتی بۆ چارەسەركردنی بارودۆخی كوردستان تەواو بوو، بەڵام لیژنەیەك دەستنیشان كراوە بۆ سەر لەنوێ داڕشتنەوەی‌و پەسەندكردنی لەهەفتەی داهاتوودا.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە سەركردایەتی یەكێتییەوە بە سپی راگەیاند كۆبوونەوەی گفتوگۆی سەركردایەتی یەكێتی لەسەر نەخشەڕێگای چارەسەكردنی بارودۆخی هەرێم، پاش نیوەڕۆی ئەمرۆ شەممە كاتژمێر 3 كۆتایی هات.

وتیشی: لیژنەیەك  لەهەردوو لا (سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی) دەستنیان كراوە بۆ داڕشتنەوەی نەخشەڕێگاكە بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو گفتوگۆیانەی لە كۆبوونەوەكاندا كراون‌و، وابڕیاریشە لەهەفتەی داهاتوودا جارێكی تر سەركردایەتی یەكێتی كۆببێتەوە‌و نەخشە ڕێگاكە بەهەموو چاكسازییەكانەوە پەسەند بكات.

سەرچاوەكەی سپی ئاماژەی بەوەكرد كە ئێوارەی ئەمرۆ راگەیەنراوێكی كورت لەسەر هەردوو رۆژی كۆبوونەوەی سەركرایەتی یەكێتی بڵاودەكرێتەوە.

سپی زانیویەتی لیژنەكە لەچەند ئەندامێك پێكدێت كە هەریەك لە فەرید ئەسەسەرد‌و پەروینی كاكە حەمە ئەندامانی سەركردایەتی ئەو حیزبە، ئەندامی لیژنەی داڕشتنەوەی نەخشە رێگاكەن.



PM:03:52:25/02/2017