حكومەت دەرماڵەیەكی ئەم فەرمانبەرانە دابەش دەكات

بەوتەی وەزیری تەندروستی لەگەڵ موچەی مانگی 12، دەرماڵەیەکیش بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی خەرج دەکرێت.

د. رێکەوت حەمەرەشید، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە لایەن وەزارەتی دارایی ئاگادار کراوینەتەوە، لەگەڵ مووچەی مانگی 12 دەرماڵەی ھاندانیش بۆ پزیشک و کارمەندانی تەندروستی خەرج دەکرێت".

وتیشی: "مووچەی  مانگی 12ی وەزارەتی تەندروستی کە ڕۆژی دووشەممەی داھاتوو 27ی شوبات دابەش دەکرێت، پارەی ھاندانی مانگی 11ش دابەش دەکرێت".

وەزیری تەندروستی جەختی کردەوە، کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، بەڵێنی ئەوەیان پێ دراوە، دابەشکردنی دەرماڵەی ھاندان بەردەوامی دەبێت.

ئەو دەرماڵەیە بۆ بۆ پزیشکان خەرج دەکرێت، لە 300 بۆ 500 ھەزار دینارە، بۆ کارمەندی تەندروستی لە 200 بۆ 300 ھەزار دینارە، بەشەکانی فریاکەوتنی چڕ مانگانە 220 ھەزار دینارە، بۆ ھەموو کارمەندانی تەندروستیش لە نەخۆشخانەکان و بە فەرمانبەرانی گرێبەستیشەوە، مانگانە لە 75 ھەزار بۆ  150 ھەزار دینارە.

مانگانە لە لایەن وەزارەتی دارایی 4 ملیار و 75 ملیۆن دینار بۆ ئەو مەبەستە بۆ ئەو بابەتە خەرج دەکرێت.



PM:04:28:25/02/2017