یەكێتی تۆپی پێی كوردستان چەند بریارێكی گرنگی دا

رۆژی شەممە لە بارەگای خۆیدا یەكێتی تۆپی پێی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی بەئامادەبوونی سەرۆك و جێگر و سكرتێر و گشت ئەندامانی یەكێتیەكە ئەنجامدا و چەند بریارێكی گرنگی دا.

1- لە درێژەی لێكۆلینەوە لە گرفت و كێشەكانی یاری نێوان هەردوو یانەی زاخۆ و كەركووك لە خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان بریاردرا:

أ- بەهۆی هێرشكردنە سەر ناوبژیوانان و وتنی قسەی ناشیرین بریاردرا بە راگرتنی راهێنەری یانەی كەركووك دارەوان قادر بۆ دوو یاری و لەگەڵ مانەوەی سزای دەركردن بەیاوەری نەكردنی تیپەكەی و غەرامەكردنی بە بری (250.000) دوو سەد و پەنجا هەزار دینار و پێویستە بەفەرمی داوای لێبوردن لە لێژنەی ناوبژیوانان بكات.

ب- بەهۆی هێرشكردنە سەر ناوبژیوانان و وتنی قسەی ناشیرین بریاردرا بە راگرتنی خزمەتگوزاری یانەی كەركووك خالید عەجمی بۆ دوو یاری بەیاوەری نەكردنی تیپەكەی و غەرامەكردنی بە بری (250.000) دوو سەد و پەنجا هەزار دینار.

ج- بەهۆی هێرشكردنە سەر رۆژنامەنووسی وەرزشی بریاردرا بە راگرتنی یاریزانی یانەی كەركووك هەژار جەبار ژمارە (14) بۆ دوو یاری و غەرامەكردنی بە بری (150.000) سەد و پەنجا هەزار دینار و پێویستە بەفەرمی داوای لێبوردن لە رۆژنامەنووسانی وەرزشی بكات.

2- راگرتنی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان بۆ ماوەی دوو هەفتە، دواتر بە بۆنەی یادی كارەساتی هەڵەبجەی شەهید و رێزگرتن لە قوربانیەكان بریاردرا یارییەكانی گەری یەكەمی چوار گۆشەی زێرین لە رۆژی پێنچشەممە 16-3-2017 ئەنجام دەدرێت.

3- داوا لە یانەكانی چوار گۆشەی زێرینی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان (نەورۆز، پێشمەرگەی هەولێر، كەركووك، شێروانە) دەكەین ئامادەكاری تەواو بكەن بۆ رێكخستن و پارێزگاری دابینكردنی ئاسایشی یاریگا و بەفەرمی نووسراوی ئیدارەی شارەكانیان ئاراستەی یەكێتیەكەمان بكەن.

تا بەهەمووان بەجوانترین شێوە یارییەكان ئەنجام بدەین روویەكی گەش و شارەستانی و وەرزشی كوردستان بە كوردستانیان و جیهان نیشان بدەین و پاراستنی سەلامەتی تیپی میوان و دەستەی سەرپەرشتیاران و ناوبژیوانان و رۆژنامەنووسی وەرزشی بكەن.

وپیرۆزبایی گەرم ئاراستەی هەر چوار یانەكە دەكەین هیوای سەركەوتن و ئاست بەرزی وەرزشی و گیانی خۆشەویستی نێوان جەماوەری تەواوی شارەكانی كوردستان و قولكردنەوەی گیانی برایەتی.

4- بریاردرا لێژنەیەكی هونەری و پزیشكی بۆ هەڵسنگاندنی راهێنەر و یاریدەدەران و سەرپەرشتیاران و راهێنەری گۆلپارێز و چارەسەكار و دەستنیشانكردنیان لە لایەن لێژنەكە و بە رەزامەندی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان.

بۆ ئەوەی جوانترین شێوازی زانستی دیاری بكرێن بۆ سەرجەم یانەكانی كوردستان.

5- یەكێتیەكەمان دەستخۆشی لە لێژنەی ناوبژیوانانی كوردستان دەكات لە بەرێوەبردنی كارەكانیان و لێژنەی ناوبژیوانانی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان سەرپشكە لە دەستنیشانكردنی دەستەی ناوبژیوانی یارییەكان.

وسوپاسی یەكیكە بە یەكەكیان دەكەین و سوپاسی سەرجەم ناوبژیوانانی كوردستان دەكەین لەسەركەوتنی لە بەرێوەبردنی یارییەكانی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان تا چوار گۆشەی زێرین.


spee-kfa


PM:07:29:25/02/2017