بە ڤیدیۆ.. ئەو شوێنەی شیفا گەردی لێ شەهیدبوو

‌شیفا گەردی، لەلای چاڵی مەرگی داعش، بە بۆمبێکی چێنراو شەهید بوو

شیفا گەردی پێشکەشکار و میدیاکاری دیاری ڕووداو، پاشنیوەڕۆی دوێنی بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو پێیدا شەهید بوو، ئەو چوو بوو بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لە بارەی چاڵی مەرگەوە، ئەو چاڵەی داعش تەرمی هەزاران کەسی تێ فڕێدابوو.

ماڵپەڕی ڕووداو بڵاویکردووەتەوە "لەكاتی ئامادەكردنی راپۆرتێك لەبارەی چاڵی خەفسە (ناسراو بە چاڵی مەرگ) بۆمبێكی چێندراو بە تیمێكی رووداو و هێزێكی حەشدی شەعبیدا تەقییەوە. بەهۆیەوە شیفا گەردی شەهید بوو. سەید عەلی حەیالی، فەرماندەی هێزەكە و چوار چەكداری دیكە گیانیان لەدەستدا. كامێرامانێكی رووداو و 7 چەكداری حەشدیش بریندار بوون."

سەید عەلی حەیالی، فەرماندە لە هێزەکانی بەدر قاچی لە تێلێکی پەیوەست بە بۆمبێکی چێندراوەوە دەئاڵێت و بۆمبەکە دەتەقێتەوە. لە ئەنجامدا شیفا گەردی شەهید دەبێت. سەید عەلی حەیالی و دوو برای، لەگەڵ دوو چەكداری دیكە گیان لەدەست دەدەن. یونس مستەفا، كامێرامانی رووداو و 7 چەكداری حەشدیش برینداردەبن.


رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو کە لەو ڕۆژەدا پێنج خولەک لە شیفاوە دووربوون رایگەیاند، پێشتر زانیاری لەبارەی چاڵی خەفسە بە شیفا درابوو و ئەویش زۆر بەدوای گەڕابوو، بەڵام نەیدۆزیبووەوە. پاشان دەگەڕێنەوە و لە نزیك رێگەی بەغدا - موسڵ هێزێكی حەشدی شەعبی دەبینن، پرسیاریان لێدەكەن و ئەوانیش دەڵێن شوێنەكە دەزانن و بەڵێنیان پێدەدەن هاوكارییان بكەن.


 



PM:02:44:26/02/2017