مەلا کرێکار پێشمەرگە بە مورتەد و دژە تیرۆر بە کافر ناودەبات
جەبار یاوەر بۆ سپی: لە تیرۆرستێک هەر ئەوە چاوەڕێ دەکرێت

ئەمیری پێشووی ڕێکخراوی ئەنساولئیسلام، لەتۆمارێکی نوێی ڤیدیۆییدا هێزەکانی پێشمەرگه بە مورتەد ناودەبات و هەروەها تێیدا فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە، جەبار یاوەر بە کافر ناودەبات، لە وەڵامدا جەبار یاوەر دەڵێت لە تیرۆرستێک هەر ئەوە چاوەڕوان دەکرێت.

مەلا کرێکار، ئەمیری ڕەوتی شاخ، لە میانی بەشی سێیەمی وەڵامەکانیدا بۆ عەبدولـەتیف ئەحمەد یەکێک لە ڕابەرانی ڕەوتی سەلەفی کوردستان، جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیزەکانی پێشمەرگە مورتەدن و دەشڵێت جەبار یاوەر کافرە.

هەر لەو تۆمارە ڤیدیۆییەدا دەڵێت ئەگەر یەکێک کارگوزاری دەزگای دژە تیرۆریش بێت کافرە و هەموو ئەوانەی لەو دەزگایەدا کاردەکەن کافرن.

لەو بارەیەوە جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێکیدا بۆ سپی ڕایگەیاند "مەلا کرێکار هەر ئەوەی لێ چاوەڕی دەکرێت، لە کاتێکدا ئەو بەرپرسی سەربازی ئەنسارولئسلام بووە کە پێشمەرگەیان سەربڕیوە و یەکێکە لە تیرۆرستەکانی هاوشێوەی داعش و ئەو لە ئەوروپاش چەندینجار لەسەر دۆسییەی تیرۆر گیراوە.



PM:09:55:28/02/2017