هەولێر.. کچێک ڕوتی دەکاتەوە و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكەی لێ دەكەن

لە شاری هەولێر کچێک بە مۆبایل پیاوێکی ٥٧ ساڵی خێزاندار کە خاوەنی چوار منداڵە لە ڕێگەی مۆبایلەوە هەڵدەخڵەتێنێت و دواتریش پیاوەکە دەباتە ماڵێک بۆ ئەوەی پێکەوە ژوان ببەستن، بەڵام ئەوەی نەدەبوو ڕوبدات ڕوویدا.

ڕۆژنامەی ڕووداو لە ڕاپۆرتێکیدا بەسەر هاتێک دەگێڕێتەوە کە پیاوێک کەوتووەتە ناو تەڵەی باندێکی هەڵخەڵەتێنەرەوە کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی ژنانەوە پیاوان هەڵدەخڵەتێنن.

ئەو پیاوە باس لەو ڕۆژە دەکات کە لەگەڵ ژنەکەدا چوونەتە ماڵێکەوە و دەڵێت ژنەكە یەكسەر داوای لێكردووە خۆی رووت بكاتەوە. "لە ژوورەكە سفرەیەكی رازاندبووەوە. هەندێك بیرە و چەرەزات و شتی لەسەر بوو، رێناس پێیگوتم جلەكانت دابنێ و خۆت رووت بكەوە، منیش دەچم لە ژوورەكەی دیكە خۆمت بۆ ئامادە دەكەم، بەڵام دوای ئەوەی من خۆم رووت كردەوە، گوێم لێبوو دووجار بەتوندی دەرگای هۆڵەكەی داخست كە من زۆر پێم سەیر بوو، ئەوەندەم زانی دوو پیاو بە دەمانچەوە هاتنە سەرسەرم و یەكێكیان بە مۆبایل وێنەی دەگرتم و ئەوی دیكە دەمانچەكەی لەسەر سەرم راگرت، هەر لەوكاتەدا یەكێك لە پیاوەكان زللەیەكی لە ژنەكە دا و گوتی خیانەتم لێدەكەی؟ ئەوەی دیكەش قژی گرت و سویچی سەیارەكەی لە من ستاند و لەگەڵ ژنەكە رۆیشت، ئەو پیاوەی لەلای من مابووەوە، گوتی ئەوە دەیبات دەیكوژێ، دواتریش حیساب لەگەڵ تۆ دەكەین".

وتەی پۆلیس و شێوازی هەڵخڵەتاندنەکە لەم ڕاپۆرتەدا بخوێنەرەوە
(ی.ر.م) تەمەن 57 ساڵ خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە، رۆژی 29/1/2017 لە یەكێك لە مزگەوتەكانی شاری هەولێر بەشداریی پرسەی ناسیاوێكیانی دەكرد، لەناكاو زەنگی نامەی مۆبایلەكەی لێیدا، كاتێك تەماشای كرد دوو هەزار دینار باڵانسی لە ژمارەیەكی نەناسراوەوە بۆ هاتووە، بەڵام نەیزانی ئەوە تەڵەیەكە بۆی دانراوە و پاش 15 خولەك ئەوەی بەخەیاڵیدا نەدەهات روویدا.

(ی) كە بەڕێوەبەری فەرمانگەیەكە لە شاری هەولێر بە (رووداو)ی گوت "ئێستاش پەیوەندیم پێوەبكرێت و دەنگی ژن بێت، هەموو گیانم دەلەرزێت، زیڕەم لە ژن كردووە".

(ی) كەوتووەتە داوی باندێكەوە كە خۆراكی قولابەكەی ژنێك بووە، هەر بۆیە زیڕەی لە ژن كردووە.
(ی) بەسەرهاتی خۆی بۆ (رووداو) گێڕایەوە و گوتی "لەناو پرسەدا بووم، نامەیەكی كۆڕەكم بۆ هات كە 2000 دینار باڵانسم بۆ هاتبوو لە ژمارەیەكی نەناسراوەوە، دوای چارەكێك تەلەفۆنێكم بۆ هات، دەنگێكی ناسك پێیگوتم ببوورە بەهەڵە ناردوومە، بەڵام ئەگەر حەزدەكەی با یەكدی بناسین، من ناوم رێناسە، ژنی دووەمی پیاوێكی بازرگانم و یەك كوڕم هەیە، ژنی یەكەمی هۆگری خۆی كردووە و نایەتە لام، بۆیە بەتەنیام و خاوەنی هەموو شتێكم، ئۆتۆمبیلی مۆدێل بەرز و ماڵ و ئاڵتوونم هەیە، تەنیا لە پیاوم كەمە، هاوژینەكەم لە ترسی ژنەكەی لە مانگێكدا تەنیا یەك هەفتە دێتە لام".

(ی) و ژنەكە بڕیار دەدەن یەكدی ببینن "ژوانێكمان دانا و كاژێر 3ی دوای نیوەڕۆی رۆژی دوایی چووینە كافتریایەك كە ئەو دەستنیشانی كردبوو. ژنەكە تەمەنی نزیكەی 40 ساڵ دەبوو، كاوبۆی و بۆدییەكی نیوقۆڵ و قەمسەڵەیەكی لەبەربوو، پێنج دەقەیەك بەیەكەوە دانیشتین و گوتی تۆم بەدڵە".

(ی) و ژنەكە رێكدەكەون رۆژی دواتر لە گەڕەكی ئاوێنەی شار یەكدی بینن. (ی) پەلەی بووە بەیانی زوو بێت و بچێتە ژوانەكەی. (ی) بەردەوامە لە گێڕانەوەی ئەو چیرۆكە و دەڵێت "كاتێك چووم، پێش ئەوەی بگەمە ماڵەكە تەلەفۆنم بۆ كرد، بەڵام ئەو گوتی ماڵم ئاوی تێچووە و خوشكەكەم هاتووە یارمەتیم بدات، بۆیە سبەی وەرەوە".

(ی) لەسەر قسەی ژنەكە رۆژی دواتر دەچێتەوە ئەو شوێنە، بەڵام هەموو ئەو قسانەی ژنەكە لەبارەی ماڵ و حاڵەكەی كردبووی وا دەرنەچوو. (ی) دەڵێت "كاتێك چووم بینیم لە خانوویەكدایە جگە لە سۆبایەك و قەنەفەیەكی كۆن هیچی دیكەی تێدا نەبوو. لێم پرسی ئەم خانووە بۆ هیچی تێدا نییە؟ گوتی تازەم كڕیوە، با هاوژینەكەم لە سەفەر بگەڕێتەوە، كەلوپەلی پێدەكڕم".

وەك (ی) باسی دەكات، ژنەكە یەكسەر داوای لێكردووە خۆی رووت بكاتەوە. (ی) گوتی "لە ژوورەكە سفرەیەكی رازاندبووەوە. هەندێك بیرە و چەرەزات و شتی لەسەر بوو، رێناس پێیگوتم جلەكانت دابنێ و خۆت رووت بكەوە، منیش دەچم لە ژوورەكەی دیكە خۆمت بۆ ئامادە دەكەم، بەڵام دوای ئەوەی من خۆم رووت كردەوە، گوێم لێبوو دووجار بەتوندی دەرگای هۆڵەكەی داخست كە من زۆر پێم سەیر بوو، ئەوەندەم زانی دوو پیاو بە دەمانچەوە هاتنە سەرسەرم و یەكێكیان بە مۆبایل وێنەی دەگرتم و ئەوی دیكە دەمانچەكەی لەسەر سەرم راگرت، هەر لەوكاتەدا یەكێك لە پیاوەكان زللەیەكی لە ژنەكە دا و گوتی خیانەتم لێدەكەی؟ ئەوەی دیكەش قژی گرت و سویچی سەیارەكەی لە من ستاند و لەگەڵ ژنەكە رۆیشت، ئەو پیاوەی لەلای من مابووەوە، گوتی ئەوە دەیبات دەیكوژێ، دواتریش حیساب لەگەڵ تۆ دەكەین".

پیاوەكە دوای چوار كاژێر رێگەی بە (ی) داوە بڕوات، بەڵام بە مەرج، وەك خۆی دەڵێت "چوار سەعات منی بە رووتی هێشتەوە. دواتر رێگەی دا خۆم بگۆڕم، ئەوكات 150 هەزار دینارم پێبوو، ئەوی لێستاندم، 10 هەزاری پێدامەوە، گوتی ئەوە بۆ كرێی تاكسی".

(ی) بۆی دەردەكەوێ‌ نامەی ژنەكە تەنیا تەڵەیەك بووە. (ی) دەڵێت "رۆژی دوای رووداوەكە تەلەفۆنیان بۆ كردم و گوتیان بەبێ ئەوەی بە كەس بڵێی وەرە بۆ كەسنەزان، ئەگینا ڤیدیۆكەت بڵاودەكەینەوە. منیش ترسام. هەرچەندە زانیم ئەوە فیلمە، چونكە یەك زللەشیان لێ نەدام، كەسێك خێزانی لەگەڵ پیاوێك ببینێت یان دەیانكوژێ یان فەلاقەیان دەكات، بەڵام ئەوان تفێكیشیان لێ نەكردم".

یەكەم شت كە داوای لێدەكەن ئەوەیە ئۆتۆمبێلەكەیان بەناو بكات، ئەگینا ڤیدیۆكەی بڵاودەكەنەوە، ئەویش ناچار دەبێ‌ بیكات پاشان ئۆتۆمبێلەكەی دەفرۆشن.

باندەكە هەر بەوەندە رازی نابن، جگە لە ئۆتۆمبێلەكەی، داوای 100 هەزار دۆلاری لێدەكەن، ئەگینا ڤیدیۆكەی بڵاودەكەنەوە. باندەكە بەردەوام گوشار بۆ (ی) دێنن، بۆیە بەسەرهاتەكەی بۆ براكەی دەگێڕێتەوە "بە ناچاری و شەرمەوە چوومە لای براكەم و چیرۆكەكەم بۆ گێڕایەوە، ئەویش برا و ئامۆزاكانمی كۆكردەوە و هەموویان گوتیان مەترسە با هەر بڵاوی بكەنەوە، ئینجا پەیوەندییان بە ئاسایشەوە كرد و ئەوانیش دەستخۆشییان لێكردین كە هەرچەند هەڵەم كردووە، بەڵام پێویستە لەحاڵەتی وەهادا پەیوەندی بە هێزی ئەمنییەوە بكرێت تا خراپتر روونەدات".

(ی) دەڵێت "بۆ رۆژی دواتر لەگەڵ ئاسایش چووین بۆ‌ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆ، چونكە ئەوان دڵنیابوون كە دوو پیاوەكە بۆ بەناوكردنی ئۆتۆمبێلەكە بەو كەسەی كڕیبووی، سەردانی ئەوێ دەكەن، هەر واش بوو، كاژێر 9.30 خولەك هاتن و راستەوخۆ لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دەستگیركران".

بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) یەكێك لەو گەنجانە ناوی (م.ش.ح)یەو تەمەنی 38 ساڵە، فەرمانبەرە و باوكی سێ‌ منداڵە. ئەوەی دیكەشیان ناوی (ر.ر.ح)یە و تەمەنی 24 ساڵە، كرێكارە و سەڵتە. رێناسیش ناوی خوازراوی ژنەكە و تەمەنی 44 ساڵە، خاوەنی 5 منداڵە و هاوژینەكەی مردووە. ژنەكە كرێچییە و بۆ ئەو كارەش 2000 دۆلاری لەو باندە وەرگرتووە.

باندی دیكەش ماون

رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە (رووداو) گوت "ئەو باندە 31-1-2017 بە هاوكاریی برایانی ئاسایشی دەوروبەری هەولێر دەستگیركران".

سەبارەت بە بوونی باندی دیكەی هاوشێوە لە شاری هەولێر رائید هۆگر بە دووری نەزانی باندی دیكەش هەبن و گوتی "ئەو باندانە هەر رۆژە لە خانوویەك و شوێنێكن تا ئاشكرا نەبن، بەڵام هێزەكانمان بەردەوام دەبن لە دەستگیركردنیان". گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر داوای لە هاووڵاتیان كرد لەكاتی رووداوی وەهادا، هاوكاریان بن و لەجیاتی ئەوەی بترسن، دەزگا ئەمنییەكان ئاگادار بكەنەوە.



PM:05:30:07/03/2017