هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد بۆ پەکەکە: ئەمجارە تا سەری ڕەش رامەوەستن

هەڵۆ ئیبراهیم تاکە برای هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بە پەکەکە دەڵێت" ئەگەر ئەمجارەش هێرشتان کرایە سەر، تکاتان لێ ئەکەم وەڵامێکی یەکلاکەرەوەتان هەبێت وە هەتا سەری ڕەش ڕامەوەستن!".

لە وتارێکدا بە ناونیشانی " ئیتر بەسە " هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد جگە لەوەی بە پەکەکە دەڵێت تا سەری رەش بە هێرش مەوەستن، هاوکات ئاماژە بۆ ئەوە دەکات " ئەوسا کوردی باشوور هەتا هەتایە سوپاسگوزاری ئێوە ئەبێت!".

لەو وتارەی نوێیەدا هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد رەخنە لە یەکێتی دەگرێت و دەڵێت" نەخشەڕێگا کرچوکاڵەکان، پرۆژە دووبارە و سواوەکان، نیشانەی سەرگەردانی و پەرتەوازەبوونی هێزە سیاسییەکانی کوردستانن لە ئاستی هەژمونی دیکتاتۆرییەتی بارزانیدا. هەندێک لەم هێزانە تەنها چاوەڕوانییان بۆ ماوەتەوە، هەندێکیشیان خۆرەی بارزانی کاری تێکردوون و خەریکە بەرەو هەڵدێریان دەبات. لە هەردوو حاڵەتدا، بارزانی براوەیە!".

هەروەها لە درێژەی لێدوانەکەیدا ناوبراو باس لە ‌هەڵوێستی هێزە سیاسیەکان دەکات و دەڵێت " هەڵوێستی ئەم هێزە سیاسییانە بەرامبەر بە برسیکردنی خەڵک، داڕمانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، پەکخستنی پەرلەمان، خۆسەپاندنی بارزانی، تاڵانکردنی نەوت و ..... هتد، تەنها قسە بووە، هیچ هێزێکیان نەیتوانیوە زەڕەیەک لەو هەڵوێستە زارەکییانە بکاتە کردەوە".

لە بڕگەیەکی تردا هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت" ئێوەش، هێزە سیاسییەکانی ئەم هەرێمە کە خوتان بە نوێنەری خەڵکی کوردستان دائەنێن، ئەمە دوا فرسەتتانە کە جورئەت بدەنە خۆتان و بە بارزانی بڵێن: ئیتر بەسە، هەرچەندە دڵنیام ئەم جورئەتەتان هەرگیز نابێت!".



PM:10:31:07/03/2017