بە ڤیدیۆ.. فەریدە چیرۆکی نەهامەتی خۆی لەژێر حوکمی داعش دەگێڕێتەوە

کچێکی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعش چیرۆکی خۆی لە شاری ڕەقە دەگێڕێتەوە و دەڵێت دوای چەندینجار دەستدرێژی سێکسی بۆ سەری داوایلێکراوە خۆی بتەقێنێتەوە.

فەریدە عەباس، کچە کوردێکی ئێزدی ژێر دەستی داعش لە دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی چیرۆکی خۆی گێڕایەوە و وتی "ئەو ڕۆژەی شەنگال گیرا داعش نزیکەی ٧٠٠ کەسی لێ کوشتین، دواتر کچ و ژنەکانیان جیاکردەوە و منیان لەگەڵ ٤٧ کچی دیکە لە شاری ڕەقە لە بازاڕێکدا فرۆشت".

ئەو کچە ئێزدییە وتیشی "دوای فرۆشتنمان بردنینیان بۆ بنکەیەکی داعش لەناو ئەو بنکەیەدا زۆریان لێداین و دەستدرێژی سێکسیان کردە سەرم، دواتر داوایان لە من کرد کە خۆم بتەقێنمەوە".

ئەو کچە دەشڵێت "بەهۆی ئەو دۆخەوەی کە ئێمەی تێدابوو بە چەندین کەس دەستدرێژی سێکسیان دەکرینە سەر چوارجار هەوڵی خۆکوشتنمدا و جارێک بە پارچە شوشەیەک دەماری خۆمم بڕی دوای چەندین کاتژمێر هۆشم هاتەوە لەماڵی دکتۆرێک بووم".

فەریدە وتیشی "دوای چاک بوونەوەم لە هەوڵی خۆکوژی  منیان بردەوە بۆ شوێنێک کە ٣٠ چەکداری داعشی لێبوو، منیان پێشکەشکرد بە ئەمیرێک، ئەمیرەکە و بە چەکدارانی داعش دەستدرێژی سێکسیان کردە سەرم و لێیاندام بەجۆرێک هێندە ئازاریاندام نەم دەتوانی بەڕێگاوە بڕۆم".




PM:01:09:08/03/2017