ئارام شێخ محەمەد: کورد هیچ هەنگاوێکی نییە بۆ چارەسەری کێشەکانی

ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کورد تا ئێستا لە دۆسییەکانی نەوت و سیاسەت یەک دەنگ نییە و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە کورد پڕۆژەی جدی نییە

ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پێنجەمین دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمەریکی لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند "تا ئێستا کورد هیچ هەنگاو و پڕۆژەیەکی جدی نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی، چونکە کورد دەبێت لە ئایندەدا گفتوگۆ بکات لەسەر دۆسییەی نەوت و ناوچە تازە ئازادکراوەکان".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە تا ئێستا خۆ ئامادەکردن بۆ دوای داعش تەنها قسەیە و پڕۆژەیەکی کرداری نییە لەسەر ئەو بابەتە، سەبارەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمیش وتی "حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم وەک یەک داوای ئەو ناوچانە دەکەن کە لە سنوری مادەی ١٤٠ دایە و بەدەست پێشمەرگەوەیە، بەڵام ئەمە دەبێت دانیشتنی لەسەر بکرێت و ئەو ناوچانەی هێزی چەکداریان لێیە دەبێت بە ڕێککەوتنی سیاسی یەکلایی بکرێتەوە".

.ڕوونیشیکردەوە "ئەو قسەیەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ کردی قسەیەکی تازەبوو، کە وتی هەندێک ناوچە هەیە پێویستە بە یەکەوە بەڕێوەبردێت، ئەمەش ئەگەر بکرێتە پڕۆژە ڕەنگە ئەنجام هەبێت، بەڵام دەبێت بە گفتوگۆ و دانیشتن ئەوە یەکلایی بکرێتەوە".



PM:02:47:08/03/2017