هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد: حەقوایە بەشێك لە سەركردایەتی یەكێتی بخرێنە قەفەسەوەو بدرێنە دەست خەڵك

برایەكی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، هاوسەری جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی پێیوایە، كە ژمارەیەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە لوتكەی گەندەڵیدان و هەندێك لە سەركردەكانیشی لە لایەن خودی بارزاینەوە كڕدراون.


هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە میانەی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاوێنە دەڵێت: " چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی ئاگاداری هەندێك لایەنی دۆسییەی‌ نەوتن‌و پشكی خۆیان وەرگرتوەو هەندێكیان ئێستاش وەریئەگرن"


هەروەك لەسەر یەكێتی نیشتیمانی دەڵێت" یەكێك لەو شتانەی شانازی پێوە ئەكەم دەركردنمە لەڕیزەكانی یەكێتی، لەبەرئەوەی لەسەر دژایەتی گەندەڵی‌و لەپێناوی چاكسازیدا لەمێژوی یەكێتیدا یەك تاكەكەس لەسەر گەندەڵی دەرنەكراوە، بەپێچەوانەوە، ئەو كەسانە پلەیان بەرزكراوەتەوە، دەیان نمونەش هەن"


هەڵۆ ئیبراهیم هێرشی توند دەكاتە سەر سەركردەكانی یەكێتی و دەڵێت" بەشێكی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی گەیشتونەتە لوتكەی گەندەڵی‌و خۆیان بەشێكن لەكێشەكە، نە تەنها خیانەت لەخوێنی شەهیدان‌و لەهەڤاڵانیان ئەكەن، خوێنی خەڵكیش ئەمژن‌و هەرگیز تێر نابن. سەرەڕای ئەمەش، ئەو جەماعەتە لەلایەنی ئەخلاقیشەوە هەمو سنورەكانیان بەزاندوە. ئەمانە هەقە بخرێنە قەفەسەوەو بدرێنە دەست خەڵك".



PM:01:03:14/03/2017