سەرۆکی
پەرلەمانی کوردستانی بەبۆنەی کیمیابارانی هەڵبجەوە دەڵێت" هیچ سیمایەکی ئاوەدانی
پێوە دیار نییە و سەدان برینداری چەکی کیمیاویی بە بەرچاوی حکومەتەوە، چاوەڕێی مەرگ
دەکەن".
دەقی بەیاننامەکەی سەرۆکی پەرلەمان..
ئەمڕۆ هەمومان،
یادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکەینەوە، کە
دەسەڵاتدارانی بەعسی دیکتاتۆر. بە چەکی کیمیاویی، زیاتر لە ٥ هەزار هاوڵاتییان
شەهید و بریندار کرد. لەناوچونی بەعس، کە ئەو کارەساتە تراژیدییەی بەسەر هەڵەبجەدا
و شارەکانی تری کوردستان هێنا. وانەیەکە بۆ هەمو ئەو دەسەڵاتدارانەی کە لەگەڵ هاوڵاتی
خۆیاندا بێ ئەمەک و بێ باک مامەڵە دەکەن.!
ئەم خولەی پەرلەمانی
کوردستان، سێ یاساو بڕیاری گرنگی بۆ هەڵەبجە دەرکرد، کەئەوانیش(یاسای بەپارێزگابوونی
هەڵەبجە و ناساندنی هەڵەبجە بە پایتەختی ئاشتی هەرێمی کوردستان و بڕیاری تاقانەکانی
پاشماوەی ئەنفال و ڕزگاربوانی چەکی کیمیاویی.)
پاش ئەم کارانەی
پەرلەمان، دەبوو ئێستا هەڵەبجە پارێزگایەکی نمونەیی و خەڵکەکەشی دڵ خۆش بونایە بە بوژانەوەی
شارەکەیان. بەڵام بەداخەوە کەمتەرخەمی و هەست نەکردن بە گیانی خزمەتکردنی هاوڵاتیان
بە گشتی و دانیشتوانی هەڵەبجە بەتایبەتی، تا ئێستا هەڵەبجە، هیچ سیمایەکی ئاوەدانی
پێوە دیار نییە و سەدان برینداری چەکی کیمیاویی بە بەرچاوی حکومەتەوە، چاوەڕێی مەرگ
دەکەن.! ئەمەش بۆ پەکخستنی پەرلەمان و نەبوونی دەسەڵاتی چاودێریی، لەسەر دەزگا حکومییەکان
دەگەڕێتەوە.!
لە کۆتایدا و لە
٢٩ هەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، بە ناوی خۆم و پەرلەمانی کوردستانەوە، درودو
سڵاو دەنێرم بۆ گیانی شەهیدان، خۆمان بە پشتیوان و هاوبەشی سەرەکی، هەمو ئەو خەمخۆرانە
دەزانین کە لە ئێستادا فشارەکانیان فراوانکردووە، بۆ ئاوڕدانەوە لەو شارە شەهید و خۆڕاگرە.!
د. یوسف محمەد
سادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
١٦-٣-٢٠١٧