لێدوانی حەیدەر عەبادی لە یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا

ئەمڕۆ بەبۆنەی یادی 29 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجەوە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، ئێستا روبەڕوی نەوەیەكی تیرۆریستی بووینەتەوە كە درێژەپێدەری رژێمی بەعسی پێشوو بوون.

عەبادی دەڵێت "بەخەم و پەژارەیەكی زۆرەوە یادی یەكێك لەتاوانەكانی رژێمی دیكتاتۆری دەكەینەوە كە تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەیە، لەو تاوانەدا بەهەزارەها هاووڵاتی كوردی عیراقی بێتاوان بوونە قوربانی لەپرۆسەیەكی كۆمەڵكوژی بەچەكی كیمیایی كە تا ئێستاش كاریگەرییەكانی شاهێدێكی زیندوون لەسەر كارو تاوانەكانی رژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ".

عەبادی راشیگەیاند، ئەمڕۆ بەئازادی، دیموكراتی و فرەیی دەژین، ئێستاش روبەڕوی نەوەیەكی تیرۆریست و چەتە بووینەتەوە كە درێژەپێدەری رژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕە، سەركەوتووین و ئەو سەركەوتنەش بەهێزتر دەكەین لە رێگەی پاراستنی گەل و بەرگرییكردن لە ئازادییەكان. تاوانبارانی ئەو تاوانە هەر بەڕیسوایی دەمێننەوە یادكردنەوەی تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بەهێز و یەكگرتوومان دەكات.



PM:04:33:16/03/2017