نەخشە رێگای یەکێتی: پێویستە هەر سێ سەرۆکایەتییەکە بەسەر هەر سێ لایەنە سەرەکیەکەدا دابەشبکرێت

نەخشەڕێگای یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوای دابەشکردنی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە دەکات بەسەر هەر سێ لایەنی سەرەکیەکەی پارتی و گۆڕان و یەکێتیدا.

دەقی نەخشە رێگای یەكێتی:

نەخشە رێگای یەكێتییی نیشتمانیی كوردستان، بۆ چارەسەری كێشەكان
بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاری قۆناغی ئەمڕۆی كوردستان‌و پێویستی گەیشتن بە چارەسەر بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان‌و بۆ هەنگاونان بەرەو كاراكردنەوەی پرۆسەی سیاسی‌و دەزگا شەرعییەكان‌و دەستەبەركردنی یەكڕیزیی نیشتمانی‌و كاری هەمەلایەنە بۆ چارەسەركرنی قەیرانی دارایی‌و یەكخستنی وزەو توانای هەموو لایەنەكان بۆ بەددی هێنانی ئامانجە نەتەوەییەكان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەم نەخشە رێگایەی داناوە:

یەكەم: پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان
1-    پەیوەندیی یەكێتی – پارتی، بەپێی ئەركەكانی قۆناغەكەو لەسەر بنەمای هاوسەنگی‌و شەراكەتی راستەقینەو سازانی سیاسی، سەراپا پێداچوونەوەی پێویستە، بەمەبەستی چارەسەركردنی كۆی كێشەكان‌و پتەوكردنی پەیوەنییەكە.
2-    یەكێتی پابەندبونی خۆی بە رێككەوتنەكەی 2016/5/17، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان دوپات دەكاتەوە.
3-    یەكێتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ لاینەكانی تری كوردستان بە گرنگ‌و پێویست دەزانێ.
4-    قۆناغەكە پێویستی بە رۆڵێكی كاراتری یەكێتییە لەسەر ئاستی عیراق‌و هەرێم بۆ چارەسەركردنی كۆی كێشەكانی ناو پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان‌و كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا. چارەسەركردننی ئەو كێشانە، یارمەتیدەرە بۆ پتەوكردنی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی پرۆسەی سیاسیی كوردستان‌و یەكیخستنی ریزەكانیان.
5-    یەكێتی پشتگیریی چارەسەری ئاشتییانەو دیموكراتییانەی مەسەلەی كورد دەكا لە هەموو پارچەكانی كوردستان‌و ئەوە لەبەرچاو دەگرێت كە هەلومەرجی هەر پارچەیەك تایبەتمەندیی خۆی هەیە.
6-    رێكخستنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی‌و بە نیشتمانی كردنی پەیوەندییەكان بە جۆرێك كە لەخزمەتی ئاشتەوایی نێوان لایەنەكاندا بێ.

دووەم: دۆخی كوردستان‌و ناوچەكەو جیهان
بارودۆخی پاش تێكسكاندنی داعش‌و هەوڵی دەوڵەتانی ناوچەكە بۆ گەیشتن بە سازان لەگەڵ یەكتریداو پەرەسەندنی رۆڵی هێزە گەورەكان لە ناوچەكەدا، كاریگەریی هەمەلایەنەی لەسەر رەوشی كورد دەبێ.ئەمە پێویست بەوە دەكات ئامادەكاری بۆ هەموو ئەگەرەكان بكرێت. لە دۆخێكی وادا چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان مەسەلەیەكی چارەنوسسازە، راگرتنی هاوسەنگیش لە پەیوەندییە ئیقلیمییەكاندا زۆر گرنگە، هەروەك پتەوكردنی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هێزە جیهانییە گەورەكان بایەخێكی زۆری هەیە.

سێیەم: كێشەی سێ سەرۆكایەتییەكە
چارەسەركردنی كێشەی سێ سەرۆكایەتییەكە گرێ كوێرەی كێشەكان دەكاتەوە. یەكێتی دابەشكردنی سێ سەرۆكایەتییەكە بەسەر سێ لایەنە سەرەكییەكەدا بەپێی پێگەو قورسایی سیاسی، بە چارەسەرێكی گونجاو دەزانێ، بەرەچاوكردنی رۆڵ‌و پێگەی لایەنە سیاسییەكانی تر. قۆناغەكە تا هەڵبژاردنی داهاتوو بە قۆناغی گواستنەوە دەژمێردرێ‌و تێیدا پێویستە لایەنەكان لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكان رێك بكەون.

چوارەم: كێشەی ئابوری
كێشەی ئابوری لە هەرێم تەنها گرێدراوی كێشەی نەوت‌و گاز نیە، بەڵكو كێشەی سیستمی دواكەوتووی حوكمڕانییەو خۆی لە نەبونی پلانی ئابوری‌و سیستمی بانكیی پێشكەوتوودا دەبینێتەوە. دابین كردنی ژێرخانێكی ئابوریی تۆكمە بۆ كوردستان‌و فرە كردنی سەرچاوەكانی داهات، تاقە دەستەبەری دور مەودایە، نەك تەنها پشت بەستن بە بودجەی حكومەتی ناوەندو داهاتی هەناردەكانی نەوت‌و گاز. بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، ئەم هەنگاوانە پێویستن:
1-    دانانی پلانێكی ستراتیجی بۆ ئابوریی هەرێم لەسەر ئاستی كورت مەوداو مامناوەندو مەودا درێژ بە پشت بەستن بە ئامارو زانیاری بۆ پەیكەر بەندكردنەوەی حكومەت‌و دامەزراوەكانی بەپێی ئەو ئامانجانەی كە قۆناغەكە دەیانخوازێت.
2-    دەركردنی یاسای كێبڕكێ‌و نەهێشتنی قۆرغكاری.
3-    گرنگیدان بە كەرتەكانی پیشەسازی‌و كشتوكاڵ‌و گەشتیاری لە رێی هاندانی كەرتی تایبەت‌و دابین كردنی ئاسانكارییەكی ئیداری‌و دارایی زۆرتر بۆی.

پێنجەم: مەسەلەی نەوت‌و گازو بە سەفاف كردنی
بۆ دەستەبەركردنی شەفافیەت لە بواری نەوت‌و گازدا، ئەم هانگاوانە پێویستن:
1-    پێكهێنانی لیژنەیەك لە پەرلەمانی كوردستان دوای كاراكردنەوەی، بۆ وردبینی لە داهاتی نەوت‌و گازو پێداچوونەوەی گرێبەستەكان‌و راگەیاندنی ئەنجامی وردبینییەكە بەشێوەیەكی شەفاف.
2-    جێبەجێكردنی هەموو ماددەو بڕگەكانی یاسای ژمارە 22 ی ساڵی 2007 ی نەوت‌و گازو یاسای ژمارە 2 ی ساڵی 2015 ی سندوقی داهاتەكانی نەوت‌و گاز.
3-    رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدرال لەسەر یاسای نەوت‌و گاز كە تێیدا بەرژەوەندییە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان‌و پارێزگا نەوت بەرهەمهێنەرەكانی عیراق دەستەبەر بكرێن.
4-    زیادكردنی دەروازەكانی هەناردەكردنی نەوت‌و گازی هەرێمی كوردستان.
5-    ئەنجامدانی گرێبەستەكانی نەوت‌و گاز بەپێی پێوەرە نێودەوڵەنییەكان بۆ ئەوەی رێ لەو كێشە یاساییانە بگیرێ كە دەشێ زیانی دارایی گەورە لە هەرێم بدەن.
6-    وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تەنها ئەركی سەرپەرشتی كردن‌و ئاراستەكردنی كۆمپانیا گشتییەكانی نەوت‌و گازی لەسەر شان بێ، ئەركی بەرهەم هێنان‌و پاڵاوتن‌و فرۆشتن بەو كۆمپانیا گشتییانە بسپێردرێ.
7-    هاوكاری كردنی رێكخراوی دەستپێشخەریی شەفافیەتی پیشەسازییە دەرهێنراوەكان بۆ شەفاف كردنی پرۆسەی فرۆشتنی نەوت‌و گازی هەرێم‌و كاراكردن بۆ بوونی هەرێم بە ئەندام لەو رێكخراوە.

شەشەم: كێشەی موچەو گوزەرانی خەڵك
قەیرانی دارایی كاریگەریی زۆری لەسەر موچەخۆران داناوەو ژیانی شێواندون. بۆیە هەتا قەیرانی دارایی‌و نرخی نەوت ئاسایی دەبێتەوە، ئەم هەنگاوانەی خوارەوە پێویستن:
1-    كردنەوەی حیسابی بانكی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ئەوەی هەموو فەرمانبەرێك بزانێ چەندی بۆ پاشەكەوت كراوەو تاكو لەوەش دڵنیا بێ كە هیچی لێ نافەوتێ.
2-    پێداچوونەوەی سیستمی پاشەكەوتی موچە بەجۆرێك كە هەنگاو بەهەنگاو پاشەكەوتی موچە هەڵبگیرێ.
3-    هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینی بەمەبەستی دەستەبەركردنی دادپەروەری لە نێوان خانەنشیناندا.
4-    كاراكردنەوەی دەستەی چاودێریی دارایی بۆ ئەوەی باشتر بتوانێ ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات.

حەوتەم: ئەنجامدانی چاكسازی
پرۆسەی چاكسازی پێویستی بەم هەنگاوانەیە:
1-    ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی گشتگیری پاك كردنەوەی داوودەزگاكانی حكومەت لە گەندەڵی، مشەخۆری، بیروكراسی‌و هەنگاونان بەرەو پشتبەستن بە نەكتەلۆژیای نوێ، بەپێی یاسا.
2-    دورخستنەوەی هەژمونی حزب‌و كاربەدەستانی حكومەت‌و حزبەكان لەسەر بازاڕو كاراسانیی زۆرتر بۆ سەرمایەی بێگانەو سەرمایەگوزاری. هەروا پاراستنی مافی بەكارهێن‌و بەرهەمهێن.
3-    كاراكردنی دەسەڵاتی دادوەری‌و دورخستنەوەی لە دەستێوەردانی حزبی‌و دەستەبەركردنی پێداویستییەكانی كاركردنی وەك دەسەڵاتێكی سەربەخۆ بۆ ئەوەی بتوانێ ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات.
4-    پەیكەری وەزارەتی دادو ئەنجومەنی شورای هەرێم، داڕێژرێتەوەو تەواوی جومگەكانیان وردتر ساغركرێنەوەو سەربەخۆیی تەواوی دامەزراوەكانی دادگا بچەسپێنرێ.
5-    هەمواركردنەوەی یاسای داواكاری گشتی، بەجۆرێك كە ببێتە هۆی بەرجەستەكردنی سەربەخۆیی دامەزراوەی داواكاری گشتی‌و جیاكردنەوەی لە وەزارەتی داد.
6-    پێداچوونەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و زیادكردنی دەسەڵاتەكانیان بۆ باشتر رایی كردنی كاروباریان.
7-    دانانی بەرنامەیەك بۆ كاراكردنی كەرتی تایبەت بەمەبەستی چارەسەركردنی هەندێك لە كێشەكانی بازاڕو داهات‌و موچە.
8-    هێزی پێشمەرگەی كوردستان‌و هێزەكانی ئاسایش‌و پۆلیس، پۆشتەتر بكرێن‌و پێداچوونەوە بە موووچەكانیاندا بكرێتبەمەبەستی چاك كردنی گوزەرانیان‌و دەستەبەركردنی ژیانی كەسوكاری شەهیدان‌و چارەسەركردنی برینداران.
9-    هاندانی دەزگا بەرپرسەكان بۆ زیاتر بایەخدان بە ژینگەو رێكخستنی كاروباری ژینگە پارێزی بەپێی یاسا.
10-    رێكخستنی پەیوەندیی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەگەڵ وەزارەتی دارایی‌و كارەبا بەجۆرێك كە ئەم دوو وەزارەتە بتوانن ئەركەكانی خۆیان بەشێوەیەكی ئەكتیڤتر جێبەجێ بكەن.
11-    ئەنجامدانی هەڵبژاردنە گشتییەكان لە وادە دیاریكراوەكانی خۆیانداو هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.
12-    پێكهێنانی حكومەتە خۆجێكان بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.
13-    مامەڵەكردن لەگەڵ میدیاكان وەك دەسەڵاتی چوارەم بەپێی گیانی سەردەم‌و لە چوارچێوەی ئیتیك‌و یاسا پەیڕەوكراوەكانداو رێ گرتن لە پێشێلكردنی ئازادییەكان‌و كاركردن‌و بۆ راستككردنەوەی دیاردە نەشیاوەكانی شێوەی كاركردنی میدیاكان.

هەشتەم: ناوچە دابڕێنراوەكان‌و پرسی سەربەخۆیی
1-    كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێنراوەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان ئەركێكی نیشتمانییە. حكومەتی فیدرال كەمتەرخەمیی لە جێبەجێكردنی ماددەی 140 دا كردوە، بەمەش دەستوری پێشێل كردووە. بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم مەسەلەیەو كۆتایی هێنان بەم پێشێلكردنەی دەستور، یەكێتی كاراكردنەوەی ماددەی 140 بەپێویست دەزانێ.
2-    سەربەخۆیی مافێكی دیموكراتییانەو رەوای گەلی كوردستانە. یەكێتی پشتگیریی ئەنجامدانی راپرسی لەسەر سەربەخۆیی دەكات‌و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە دەبێ راپرسییەكە ناوچە دابڕێنراوەكانیش بگرێتەوه.


AM:01:30:17/03/2017