پەیامی دەمیرتاش و یوکسەکداغ بۆ جەژنی نەورۆز لە باکوری کوردستان

سەرباری رێگریەکان لە ئامەد ئاهەنگێکی گەورەی نەورۆز سازکراو پەیامی هاوسەرۆکانی هەدەپە، دەمیرتاش و یوکسەکداغ خوێنرانەوە.

پەیامەکەی دەمیرتاش و یوکسەکداغ بە بۆنەی نەورۆزەوە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:

"هاوبیرە ئابڕومەندەکانمان، دایکانی هێژا، هەڤاڵە گەنجەکانمان، هاوڕێیانی ژن، ئێمە بە گەرمیی ئاگری نەورۆز پیرۆزبایی لەو ملیۆنەها کەسە تەمەن ٧ بۆ ٧٠ ساڵە دەکەین، کە گۆڕەپانەکانی نەورۆزیان پڕ کردووەتەوە. ئێمە پیرۆزبایی نەورۆز دەکەین کە ئومێدمان ئەوەیە ببێتە هۆکاری چارەسەری و دیموکراسی و ئاشتی".

هاوسەرۆکانی هەدەپە لە پەیامەکەیاندا ئەوەشیان نووسیوە "ئاگری نەورۆز کە چڕترین تاریکی ڕووناک دەکاتەوە، ئەمساڵ بە جۆشێکی گەورەوە داگیرسێندراوە".

لە بەشێکی تری پەیامەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغدا هاتووە "بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان لە نەورۆزی ٢٠١٣دا بووە هۆی ڕێخۆشکردن بۆ هاتنەدیی ئاشتی، بەڵام لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا سیاسەت نەیتوانیوە ئاشتی بکاتە دیاری بۆ گەل. هۆکارەکەشی پێداگریی سیاسەتی دەسەڵاتە لەسەر شەڕ. ئێمەش هەست بەوە دەکەین، کە قەرزداری گەلەکەمانین".

یوکسەکداغ و دەمیرتاش لە پەیامەکەیاندا باسی ئەوەشیان کردووە "ئێمە بە ناوی هەزاران هەدەپەیی زیندانیکراوەوە جارێکیتر دەڵێن، ئێمە هەرگیز دەستبەرداری هەوڵەکانمان بۆ ئازادی نابین و درێژە بە تێکۆشانی خۆمان بۆ ئاشتی دەدەین".

هەروەها ئەوەشیان خستووەتەڕوو "ئێمە لە دژی زوڵمین و سەر بۆ زوڵم دانانەوێنین و چۆک دانادەین. ئێمە لە هەموو شوێنێکدا کەرامەتی گەلەکەمان دەپارێزین و بە دڵنیایشەوە سەردەکەوین".

هاوسەرۆکانی هەدەپە لە کۆتایی پەیامەکەیاندا ئاماژەیان بەوە داوە "ئێمە لەم ڕێگەیەوە بۆنەی جەژنی نەورۆزتان لێ پیرۆز دەکەین. سەری ڕێز دادەنەوێنین بۆ شەهیدانی نەورۆز و یەک بە یەک سڵاو لە هەموتان دەکەین. نەورۆز پیرۆز بێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ لە شارەکانی ئامەد، وان، گەڤەر، جزیرە، ئەلیح،  دیلۆک، جۆلەمێرگ، ئیستانبول، ئیزمیر، دەنیزلی  بە بەشداریی زیاتر لە سەدان هەزار کەس ئاگری نەورۆز کرایەوە.

هەروەها لە ڕۆژئاوای کوردستان لەشارەکانی قامیشلۆ، کۆبانێ، عامودێ، حەلەب و بە گشتی لە ١١ شار و ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستاندا ئاگری نەورۆز کرایەوە و ئاهەنگەکانی نەورۆز بەڕێوە چوون.
سوود لە ماڵپەڕی ئێن ئارتی وەرگیراوە



PM:05:29:21/03/2017