حکومەتی هەرێم شایستە داراییەكانی قوتابیانی تواناسازی خەرج دەكات

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 30 ملیۆن دۆلار بۆ قوتابییانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، تەرخان دەکات.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزرەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، لەگەڵ نوێنەری ژمارەیەک زانکۆی ئەو وڵاتە کۆ بووەتەوە.

یوسف گۆران لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری خەرجکردنی شایستە داراییەکانی قوتابییانی تواناسازی داوە و ”لە ڕێکەوتی 6.3.2017 سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی نیشان دا بەتەرخانکردنی بڕی 30 میلۆن دۆلار بۆ خوێندکارانی تواناسازی بەتایبەت ئەوانەی ئێستا لە پڕۆسەی خوێندندان".

ئەو بڕە پارەیە دەدرێتە ئەو زانکۆیانەی، کە قوتابییانی کوردستان لە چوارچێوەی بەرنامەی تواناسازی تێیاندا دەخوێنن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ”پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر زانکۆکان و خوێندکارانی تواناسازی جێبەجێ دەکات".

لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاندووە، کە لەمەودوا شایستە داراییەکانی قوتابییانی تواناسازی لە رێگەی بانکەوە پێیان دەدرێت نەک بە کاش بدرێتە قوتابییەکان، ”ئامانجیش لەو پڕۆسەیە پەیڕەوکردنی شەفافیەتی زیاترە لە جێبەجێکردن و ڕاییکردنی کاروبارەکانی پڕۆسەکانی بەرنامەی تواناسازییە".



PM:02:13:25/03/2017