پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم بەچوار رۆژ
پەکەکە گورزێکی کوشندە لە ئۆردوغان دەدات

پەکەکە لە چالاکییەکی دەگمەندا تونێلێکیان بەدرێژایی دەیان مەتر بۆ ژێر بنکەیەکی سەرەکی پۆلیس و ھێزی تایبەتی دژە تیرۆر لێداوەو نزیکەی دوو هەزار کیلۆیان لەژێر ئەو بنکەیەدا تەقاندۆتەوەو چی لەو بینایەدا بووە کوژاوە.
 
هێزەکانی پاراستنی گەل، باڵی سەربازی پەکەکە لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە "گەریلاکانمان ڕۆژی ١١ی نیسان لە گەڕەکی باغلاری ئامەد، لەبەرامبەر ناوەندێکی ئەمنی دژەتیرۆرری پۆلیسی تورکیا، دوو هەزار و٥٤٠ کیلۆ ماددەی تەقەمەنی لەلایەن گەریلاکانەوە لە ژێر ناوەندێکی گەورەی ئەمنی و دژەتیرۆری پۆلیس دانرا".

هەپەگە ئاشکرای دەکات " کە ١٥٠ بۆ ٢٠٠ پۆلیسی تێدادەمێنێرتەوە، کاتژمێر ١٠:٤٥ خولەکی ڕۆژی ١١ی نیسان تەقینەوەکە ڕوویدا، تیمی گەریلاکانی ئێمە پاش چالاکییەکە بە تەندروستییەوە خۆیان گەیاندووەتەوە شوێنی خۆیان".

 ئەمە لەکاتێکدایە کە حکومەتی ئاکەپە دەیەوێت کوژراو بریندارەکانی ئەو چاڵاکییە بشارێتەوە بۆ ئەوەی کاریگەری نەکاتە سەر پرۆسەی ریفراندۆم کە ١٦/٤ ئەنجام دەدرێت، پەکەکەش دەیەوێت هەموو ئەو پڕوپاگەندانەی ئاکەپە بەدرۆبخاتەوە کە رایگەیاندبوو مانگی نیسان کاریگەری پەکەکە نامێنێت.

لە راگەیاندنەکەی هەپەگەدا هاتووە" وەزیری ناوخۆی تورکیا دوێنێ زانیاری درۆی سەبارەت بەو چالاکییە بڵاوکردەوە و پاشان ئەردۆغانیش پەیوەندی تەلەفۆنی بە پارێزگاری ئامەدەوە کردووە و پێی وتووە، کە ڕێگانەدەن وردەکارییەکانی ئەو چالاکییە بڵاوببێتەوە، بۆ ئەوەی پێش ریفراندۆمەکە پڕوپاگاندە بۆ خۆیان بکەن، بەڵام پاش ئەوەی دوێنێ فۆتۆ و ڤیدیۆی چالاکییەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە، ناچاربوون دان بەوە دابنێن کە چالاکی ئەنجامدراوە و ژمارەیەکی زۆریشیان لێ کوژراوە".





PM:09:30:12/04/2017