دەمیرتاش: کورد دەڵێت نەخێر.. ئاکەپە چارەسەری کێشەی کوردی نەکرد

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە لە زیندانەوە دەڵێت" ئەوانەی پێشتر دەنگیان داوە بە ئاکەپە، ئەمجارە دەنگ بە ( نەخێر ) دەدەن، چونکە ئاکەپە نەیتوانی کێشەی کورد چارەسەربکات".

گۆڤاری فۆرین پۆلیسی ئەمەریکا ١٤ی نیسانی ٢٠١٧ وەڵامی ئەو چاوپێکەوتنەی بڵاوکردەوە کە لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)ی لەبارەی ڕیفراندۆم بۆ هەمواری دەستووری تورکیا بڵاوکردووەتەوە.

لە وەڵامەکانی ئەو چاوپێکەتنەدا دەمیرتاش ڕایگەیاندووە "بەشێک لەو کوردانەی کە پێشتر دەنگیان بە ئاکەپە دابوو لە ڕیفراندۆمی دەستووردا دەنگی نا بۆ گۆڕینی دەستوورەکە دەدەن، چونکە ئاکەپە بەڵێنەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد نەبردووەتە سەر".

هاوسەرۆکی هەدەپە باسی ئەوەشیکردووە، ئەردۆغان لە دوای کۆتاییهێنان بە قۆناغی چارەسەری و بەڕێوەبردنی سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردن، دەیەوێت دەنگی کورد بەدەست بهێنێت، بەڵام بەشێک لەو کوردانەشی کە پێشتر دەنگیان بە ئاکەپە دابوو، ئێستا بە نا دەنگ بە هەمواری دەستوور دەدەن، چونکە ئاکەپە بەڵێنەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد نەبردووەتە سەر.

ڕۆژی ١٦ی نیسانی ٢٠١٧ ڕاپرسی بۆهەمواری ١٨ ماددەی دەستووری تورکیا بەڕێوە دەچێت و ٥٥ ملیۆن هاووڵاتی تورکیا مافی بەشداریکردن و دەنگدانیان دەبێت. بەپێی هەمواری دەستووری تورکیا، سیستمی سیاسیی تورکیا لە پەرلەمانییەوە دەگۆڕێت بۆ سەرۆکایەتی و دەسەڵاتەکانی حکومەتیش بە سەرۆک کۆمار دەدرێت.


هەدەپە گەورەترین حزبی یاسایی کوردانی باکووری کوردستانە و خاوەنی ٥٩ کورسیی پەرلەمانی تورکیایە و لە ئێستادا ١٣ پەرلەمانتاری ئەو حزبە لە زینداندان.

بەرەبەیانی ڕۆژی ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦، هەر یەکە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەداغ، هاوسەرۆکانی هەدەپە و ١١ پەرلەمانتاری تری هەدەپە، بە تۆمەتی بوونی پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکران و لە ئێستادا لە زیندانی ئەدرنەی تورکیادا زیندانیکراوە.




AM:10:59:15/04/2017