ماڵپەڕی فەرمی پارتی نارستەوخۆ داوا دەکات دەنگ بە "بەڵی" بۆ ئۆردوغان بدەن

ماڵپەڕی فەرمی پارتی بەناڕاستەوخۆ داوا لە هاوڵاتیانی باکوری کوردستان دەکات بەشداری دەنگدان بکەن و دەنگ بە "بەڵێ" بۆ پرۆژەی دەستوری ئەو وڵاتە بدەن.

لە وتارێکدا کە بەناوی چاودێرێکەوە بە ناونیشانی " ڕیفڕاندۆمی دەستووری تورکیا و هەڵوێستی میللەتی کورد" نوسراوە و لەماڵپەڕی فەرمی پارتیدا بڵاوکراوەتەوە هاتووە" هەمیشە لەبیرتان بێت گفتوگۆ پرۆسەیەکە دەبێت هەموو میللەتی کورد تێیدا بێت، هەموو حزبەکان و لایەنەکان و کەسایەتییەکان و هەموو هاووڵاتییەکیش بە دەنگی خۆی پشتیوانی بکات، دەبێت کوردستانی باکوور هێور بێتەوە و جارێکی دیکە زەمینە بۆ گفتوگۆ خۆش بکرێت و، هەموو جیاوازییەکان و ئامانجەکانی میللەتی کورد لە پڕۆسەی گفتوگۆدا لەبەرچاو\وی هەموو جیهانیان بێتەدی، ئەوەش دان بەخۆداگرتن و زانایی و جورئەتی سیاسی دەوێت،  بۆیە جارێکی دیکە پێویستە هاووڵاتیانی ئێمە لە باکوور بەو گیانەوە و لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەیان، لە بەرژەوەندیی ئاشتی بۆ نەتەوەکەیان، دەنگ بدەن و بەشدار بن لە ڕیفراندۆم و بەپێی هەڵوێستی خۆیان دەنگ بدەن".

لەسەرەتای وتارەکەدا هاتووە " چەند ڕۆژی تر، هەڵبژاردن واتا ڕیفراندۆمی یاسای بنەڕەتی یان دەستووری تورکیا دەست پێدەکات، ئەو پرسەش لە ناوەندەکانی ناو تورکیا و لەناو کوردستانیش باسێکی گەرمی لەسەرە و هەموو لایەک باس لەوە دەکەن کە دەرەنجامی ئەو ڕیفراندۆمە چی دەبێت؟".

لە بڕگەیەکی تری وتارەکەدا " ئێمە لەهەر پارچەیەکی کوردستان پرۆسەیەکی سیاسی ڕوو بدات، دەبێت بە واقیعبینی و لە بەژەوەندیی کێشە و دۆزی میللەتەکەمان بیری لێ بکەینەوە و دوور لە عاتیفە دەبێ بڕیاری تێدا بدەین، لەم ڕووەوە زۆر ڕەوایە کە بە هەستی بەرپرسیارەتییەوە سەیری باکووری کوردستان بکەین کە دەبێ چ هەڵوێسێکی لەو ڕیفراندۆمە هەبێت، دەبێت هەر هاووڵاتییەکی کوردستانی باکوور لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەی مەبەست کوردستان و لە بەرژەوەندیی کێشەی نەتەوەکەی بیر لەوە بکاتەوە کە ئایە چۆن دەنگ دەدات؟، بۆیە باشترین ڕێگە ئەوەیە هەر هاووڵاتییەک و هەر کوردێکی باکوور هەڵوەستەک بکات و بەرژەوەندیی گەلەکەی خۆی دەستنیشان بکات و لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان بریار بدات و دەنگ بۆ بەرژەوەندیی بدا و نەکەوێتە ژێر هەست و هەڕەشە و گوڕەشە و سیاسەتی بەلاڕێبردنی ئەولا و ئەم لا".

لەو وتارەی ماڵپەڕە فەرمییەکەی پارتی لەرووی ئامۆژگارییە دەڵێت "زۆر گرینگە میللەتی کورد لە باکوور ئەو هەڵەیەی کە لە حوزەیرانی 2015 تێیکەوتن دووبارەی نەکەنەوە، ئەو هەڵەیە بەومانایەی کە نیسبەتێکی باشیان لە هەڵبژرادنی پەرلەمانی تورکیا بە دەست هێنا و وەک دووەمین حزبی تورکیا دەیانتوانی بچنە گفتوگۆ و، لە هەمانکاتدا هێنانەدی ئامانجەکانی میللەتی کورد بێت، لەجیاتی ئەوە هەروەک بینیمان پەرلەمان و شارەکانی کوردستان  بە سیاسەتەکی هەڵە بەلاڕێدابردران و سەرەنجام خرانە بەردەمی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ حکوومەتی تورکیا کە کۆتاییەکەی بە خوێنڕێژی و کۆتاییپێهێنانی ئەزموونەکەشی کۆتایی هات".

هەروەها لە وتارەکەدا هاتووە" پرۆسەی ئاشتی لە کوردستانی باکوور پرۆسەیەکی جیددییە، کێشەی میللەتی کورد تەنها دەبێت بە ڕێگەی ئاشتی و بەڕێگای گفتوگۆ و دانیشتن لەسەر مێز چارەسەر بکرێت، بۆیە هەرلایەنێک میللەتی کورد بە ئاڕاستەی هەڵچوون و بەرەنگاربوونەوەی بێ بەرنامە و دوور لە بەرژەوەندیی وڵاتەکە پاڵ پێوە بنێت، ئەوا دوژمنایەتی بەرانبەر بە میللەتی کورد دەکات و لە ئەنجامدا خیانەت بەرانبەر بە کیشەکەشی دەکات، بۆیە زۆر گرینگە هاووڵاتیانی کوردستانی باکوور نەچنە ژێرباری هیچ هەڕەشەیەک و هیچ پڕوپاگەندەیەکی نابەجێ، لەهەمانکاتدا نەچنە بەرباری هیچ عاتیفەیەکی ناسیاسیانەی ئەوتۆ کە دیسان بەلاڕێیاندا بەرێت و دەنگیان بخاتەوە ناو ئاژاوە و شەڕ و دوورکەوتنەوە لە مێزی گفتوگۆ".



PM:12:00:15/04/2017