بۆ یەكەمجار بەتەنها دەنگیدا

هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ یەكەمجار بە تەنها دەنگیدا و ڕایگەیاند بەردەوام دەبن لە خەبات.
باشاك دەمیرتاش هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە لە بەندیخانەی ئەدەنە زیندانیكراوە، بۆ یەكەمجار بەتەنیا دەنگیدا و ڕایگەیاند "هیوادارم ئەنجامی ریفراندۆم بۆ گەلی خۆم و ڕێگای ئاشتی و دیموكراسی و ئازادی خێربێت".
لە پڕۆسەی‌ ریفراندۆمی‌ دەستوریدا كە ئەمڕۆ لە توركیا دەستیپێكرد، هاوسەرەكەی دەمیرتاش لەدوای‌ دەنگدانی‌ لە ناوچەی كایاپنار سەر بە پارێزگای ئامەد بە رۆژنامەنوسانی‌ راگەیاند "بە هەموو شێوەیەك بەردەوام دەبین لە خەبات".
لە نزیك بنكەی دەنگدان لە لایەن ژمارەیەك دەنگدەرەوە بە دروشمی "ئازادی بۆ هاوسەرۆكمان" بە چەپڵە پێشوازییان لە باشاك هاوسەری دەمیرتاش كرد.  
باشاك ماوەی 16 ساڵە مامۆستایە و لەدوای‌ هەوڵی‌ كودەتاكەی‌ ساڵی‌ رابردوو لەكار دورخراوەتەوە.
پاش زیندانیكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی هەدەپە لەسەر داوای داواكاری گشتی ئامەد لە 4ی تشرینی دووەم 2016، ئەوە یەكەم جارە باشاك دەمیرتاش بە تەنیا و بە بێ ئامادەبوونی دەمیرتاشی هاوسەری دەنگیدا، پێشتر و لە سەرجەم هەڵبژاردنەكاندا پێكەوە دەنگیانداوە.





PM:03:09:16/04/2017