سەرۆکی
سەنتەری لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ستراتیژی، ئاماژ بەوە دەکات کۆمپانیای ڕووسنەفت
ئامادەیی دەربڕیووە، پێشوەختە ٣ ملیار دۆلار بداتە هەرێمی کوردستان و بەو هۆیەشەوە
جووڵە دەکەوێتەوە بازاڕەوە.
د. ئاراس خۆشناو، سەرۆکی
سەنتەری لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ستراتیژی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی
کوردستانی ڕاگەیاندووە ''لەمەودوا نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ دەڕوات بۆ
بۆرسەی جیهان، چونکە جاران لە ڕێی کۆمپانیاکانەوە دەگەییشتە بۆرسەی جیهان و ئیتر
لەمەودوا ئەو تاکتیکە نامێنێت. ئەوەش جێی خۆشحاڵییە، کۆمپانیایەکی ڕووسیا بە ناوی
(رووسنهفت) بڕیاری داوە، ڕاستەوخۆ نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکات و
پێشوەختەش بڕی 3 ملیار دۆلار بداتە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژانەی
ڕاوەستاون، سەرلەنوێ بخرێنەوە گەڕ.''
وتوشییەتی ''ئەو پارەیەی
کە دێت، بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژانەیە، کە ڕاوەستان. بە گوێرەی ئاماری حکوومەت تا
ئێستا 3600 پرۆژەی حکوومی و هەزار پرۆژەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان وەستاون، کە
سەرجەم هۆکارەکانی ڕاوەستانی ئەو پرۆژانە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بووە، هەڵبەت
ناردنی ئەو پارەیە زۆر گرینگە بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە و کاریگەریشی لەسەر
جووڵەی بازاڕی کوردستان دەبێت.''