بازرگانێکی جەستەی مرۆڤ: فرۆشتنی ئەندامێکی جەستەی سورییەکان بەراورد ناکرێت بە مردنیان

‌وێنەی ئەو گەنجەی کە گورچیلەی دەرهێنارەوە (وێنە:BBC)

ئەبو جەعفەر بە شانازی کردن بە کارەکەیەوە دەدوا، ئەو بازرگانی بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە دەکات، ئەو کار لەگەڵ ئەو کەسانە دەکات کە نائومێدن و بە دوای هیوایەکدا دەگەڕێن تا ڕازییان بکات ئەندامێکی جەستەی خۆیان بەرامبەر پارە بفرۆشن و سورییەکان دەگوێزێتەوە بۆ لوبنان تا کارەکەیان بکەن.

ئەبوجەعفەر بڕیاریداوە کە ئیستیغلال خەڵک بکات، بە تایبەت ئەو کەسانەی لە سووریا بە ئاسانی ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە و خۆی باس لەوە دەکات کە فرۆشتنی جەستەیان بەراورد ناکرێت بەو توندوتیژییەی لە سوریادا ڕووبەڕووی دەبنەوە.

ئەو دەڵێت "ئیستیغلالکردنیان بەسودە بۆ ئەوان".

ئەبو جەعفەر لە قاوەخانەیەکی بچووک دانیشتبوو، لە شوێنێکی نزیک لەو بینایەی کە لە پایتەختی لوبنان لێی دەمایەوە کە زیاتر وەک ئۆفیسی کارەکەی دەردەکەوت، ئەو دەڵێت کە لە سێ ساڵی ڕابردوودا ئەندامی جەستەی ٣٠ پەنابەری کڕیوە.

ئەو بەردەوام داوای گورچیلە لە کڕیارەکانی دەکات، بەڵام دەڵێت هەر ئەندامێکی دیکەی جەستەی مرۆڤی بوێت دەتوانێت دەستی بخات.

ئەو دەڵێت جارێک چاوێکی کڕیوە کە خاوەنەکەی ویستوویەتی یەکێک لە چاوەکانی بفرۆشێت و منیش لە ڕێگەی وەتسئەپەوە وێنەی چاوەکەم نارد بۆ دڵنیابوونەوە و دواتر ڕێککەوتنمان لەگەڵ کرد.

ئەوەی گرفتەیەکی دروست کردووە ئەو کەسانەی کە وەک پەنابەر دەچنە لوبنان بە گوێرەی یاسا ڕێگە نادرێت کاریان پێبدرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە خێزانەکان پەنا بۆ کاری دیکە بەرن بۆ پەیداکردنی بژێویان.

لە ئێستادا هاتنی ئەو ژمارە زۆرە لە پەنابەری سووری گرفتی بۆ ئاوارە فەڵەستینییەکان دروست کردووە کە بە ئاسانی ناتوانن ناوی خۆیان لە تۆماری پەنابەراندا تۆمار بکەن لە لای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی کەمترین یارمەتیان دەستبکەوێت.

ئەبو جەعفەر دەڵێت "ئەو کەسانەی ناتوانن ناوی خۆیان تۆماربکەن لە تۆماری پەنابەراندا زیاترین زەرەرمەندن، چی بکەن؟ هەست بە نائومێدی دەکەن لە تاریکی ژیانیاندا پەنا بۆ هەموو هۆکارێک دەبەن کە یارمەتیان بدات، ئەگەر ئەو هۆکارە فرۆشتنی ئەندامێکی جەستەشیان بێت".

بەشێکی دیکە لە منداڵانی پەنابەران لە شەقامەکان دەبینرێن، یان خەریکی پاککردنەوەی پێڵاو و بۆیاخچێتین یان لە چوار ڕیانەکان هاتوچۆ دەکەن و بنێشت و کلێنس دەفرۆشن، یاخود هەندێکیان پەنا بۆ فرۆشتنی ئەندامێکی جەستەیان دەبەن وەک هۆکارێکی خێرا بۆ دەستخستنی پارە.

ئەوانەی پێویستیان بە ئەندامێکی جەستەیە دەبێت پەنا بۆ ئەبو جەعفەر بەرن، ئەو کە بە نهێنی و هەر جارە و لە شوێنیکی جیاوازدا چاوی بە کڕیارەکانی دەکەوێت.

ئەو پزیشکانەش کە کاری نەشتەرگەرییەکە ئەنجام دەدەن، نۆرینگەیەکی کاتی دەکەنەوە لە خانوویەکی کرێدا و تێیدا دوای پشکنین نەشتەرگەری گواستنەوەی ئەندامەکانی جەستە ئەنجام دەدەن.

ئەو دەڵێت کە دوای نەشتەرگەرییەکە بۆ هەفتەیەک چاودێریان دەکەن و دواتر گوێ نادەن بەو کەسانەی کە جەستەیان فرۆشتووە چییان لێ بەسەر دێت.

هەروەها وتویەتی "گوێنادەم بەخشەرەکە بمرێت، گرنگ ئەوەیە ئەوەی من دەمویست دەستم کەوتووە و دوای ئەوەی ئەندامەکەی جەستەی دەبەخشێت من ئەوم بەلاوە گرنگ نییە".

یەکێک لەوانەی کە ئێستا ئەبو جەعفەر لەگەڵی ڕێککەوتووە، لاوێکی ١٧ ساڵە، ئەو سوریای جێهێشتووە دوای کوژرانی باوک و براکەی.

ماوەی سێ ساڵە هاتووەتە لوبنان، بەڵام هیچ کارێکی دەستنەکەوتوە ئەو ئێستا لە پێناو دایک و پێنج خوشکەکەیدا ئامادەیە ئەندامێکی جەستەی بفرۆشێت.

ئەبو جەعفەر ئەو لاوەی ڕازی کردووە کە لە پێناو هەشت هەزار دۆلاردا گورچیلەی چەپی بفرۆشێت.

هەستکردن بە ئازار دوای دوو ڕۆژ لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە بە دەمووچاوی لاوەکەوە دیار بوو، ئەو هەندێک کات دادەنیشت و هەندێک کات هەڵدەستا گەرچی داوای لێکرابوو پشوو بدات، بەڵام عارەقێکی زۆری دەکردەوە کە نیشانەبوو بۆ هەبوونی خوێنبەربوون بە هۆی نەشتەرگەرییەکەوە.

ئەبو جەعفەر باسی ئەو پارەیە ناکات کە دەستی دەکەوێت و نازانیت ئەندامانی جەستەکەش دوای دەرهێنانی چی لێ دێت، بەڵام لەو باوەڕەدایە کە ببرێتە دەرەوەی وڵات.

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گیرۆدەیە بەوەوەی کەمترین بەخشینی ئندامانی جەستەی تێدایە، بە هۆکاری کلتوری و ئاینی کە ڕێگە بە بەخشینی ئەندامانی جەستەی مردوو نادات، بۆیە زۆرینەی خێزانەکان پێیان باشە بە خێرایی دفن بکرێت و بنێژرێت.

ئەبوجەعفەر کارەکی بوژاوەتەوە و ئامادە نییە بکشێتەوە بە تایبەت دوای پەناهێنانی سورییەکان بۆ لوبنان.

ئەبو جەعفر دەزانێت کارەکەی یاسایی نییە، بەڵام دەسەڵاتداران چاوپۆشی لێ دەکەن، ئەو ژمارە تەلەفونەکەی بە شەقامەکانی نزیک ماڵەکەیدا هەڵواسیوە و بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت لەو گەڕەکەی تێیدا نیشتەجێیە، ئەوە لەگەڵ خەڵکدا گفتوگۆ و گاڵتەو گەپیش دەکات.

ئەو لە کاتی قسەکردندا دەمانچەیەکیشی لەلای قاچی دانابوو و دەڵێت "دەزانم کارەکەم نایاسایییە بەڵام یارمەتی خەڵک دەدەدات"

هەروەها دەڵێت "ئەمە باوەڕی منە من یارمەتی هەژارەکان دەدەم بە پارە لە پێناو هەبوونی ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان و خێزانەکەیان و دەتوانن، ئۆتۆمبێلێک بکڕن و وەک شۆفێری تاکسی کاربکەن یاخود سەفەر بۆ وڵاتێکی دیکە بکەن کە تێیدا زیاتر یارمەتی خەڵک دەدرێت".

هەروەها دەڵێت من کەس ناچار ناکەم بۆ ئەو کارە من تەنها کار لەسەر داخوازی کەسەکەدەمە،

ئەو مژ لە جگەرەکەی دەدات و بە پەیامنێرەکە دەڵێت "ناتەوێت چاوت بفرۆشیت؟"

ئەبوجەعفەر ناوی ڕاستەقینەی ئەو بازرگانەی ئەندامانی جەستە نییە، ئەو بە مەرجێک ڕازی بوو قسە بۆبی بی سی بکات کە ناسنامەکەی ئاشکرا نەکرێت.


ئەمە ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی BBC یە دەربارەی ئەو ئاوارە سوریانەی کە لە لوبنانن


PM:07:40:28/04/2017