بەرپرسێکی باڵای یەکێتی: لە ساڵی پاردا ٩٣ ملیار دۆلار نەوت بەتورکیا فرۆشراوە

سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند" تەنها ساڵی پار ٢٠١٦ بڕی ٩٣ ملیار دۆلار نەوت بە تورکیا فرۆشراوە، بەڵام خەڵک مووچەیان نییە"و پێیوایە رۆژێکی زۆر تاریک چاوەڕێی خەڵکی کوردستان دەکات.

عادل موراد، سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئازانسی فراتنیوز دەڵێت" پارتی سووتەمەنی گەلی کورد دەفرۆشێت بە تورکیا، کەس نازانێت ئەو پارەیە چی لێدێت، چەند رۆژ پێش ئێستا وەزیرێکی عێراقم بینی، لە سێ ساڵی ڕابردوودا ٩٣ ملیار دۆلار سووتەمەنی بە تورکیا فرۆشراوە، بەڵام ئێستا خەڵک موچەیان نییە، کەس نازانێت چی لەو پارەیە دەکەن، هەموو پارەکان لە بانکەکانی ئەوروپادان، ئێستا دەڵێن دەوڵەتی کوردی دادەمەزرێنین، دەڵێن ئەو پارەیە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییە، من برسیمە کاکە، کە من برسیم بێت دەوڵەتم بۆچییە؟".

عادل موراد لە درێژەی قسەکانیدا پێیوایە "ئەردۆغان دەیەوێت سیستمێکی نوێی ئیمپراتوری دامەزرێنێت، سیستمی سەرۆکایەتیشی بۆ ئەوە دەوێت، بەم سیستەمەوە دەیەوێت دەسەڵاتدارییەکەی مسۆگەر بکات، لەم نێوانەدا پەیوەندی نێوان تورکیا و پارتی باشە، پەیوەندی سیاسی و ئابوری زۆر قووڵ لە نێوانیاندا هەیە، بۆیەشە پارتی دەنگی دەرنایەت، بەڕای من ڕۆژی زۆر تاریک چاوەڕێی کوردستان دەکەن".

عادل موراد سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکەی تورکیا بۆسەر شەنگال لێدوانێکی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات داوە و وتوویەتی، پارتی سووتەمەنی گەلی کورد دەفرۆشێت بە تورکیا و پارەکەشی دیار نییە چی لێدێت.

عادل موراد ڕایگەیاندووە:"هەر ئێستا لە باشوری کوردستان ١٩ بارەگای سەربازی تورک هەیە، زاخۆ و دەوروبەرەکەی بە تەواوەتی بوونەتە بارەگای تورکیا، هەموو ڕۆژێک هێرش دەکرێتە سەر قەندیل، چەند ڕۆژ پێش ئێستا شەنگال و قەرەچۆغیشیان بۆردومانکرد، ئەوانەی لە شەنگال دەژین ئێزدی عێراقن، نە ئێزدی خەڵکی سوریان و نە تورکیا، هێزەکانی یەبەشە کوردی عێراقن".

عادل موراد وتی:"ساڵی ٢٠١٤ پارتی ١٠ هەزار چەکداری لە شەنگال هەبوو، بەڵام هەڵاتن و بە جێیانهێشت، داعش هات و خەڵکی کۆمەڵکوژ کرد، پەکەکە ئەو خەڵکەی ڕزگار کرد، لە مەخمور و دەوروبەرەکەشی پەکەکە و پێشمەرگەکانی یەکێتی بوون بە هانای هەولێرەوە چوون، ئەو کاتە مەسعود بارزانی دەستخۆشی لە پەکەکە کرد، ئێستا بە چ مافێک بە هێزەکانی پەکەکە دەڵێت لەوێ بچنە دەرەوە، لەم هێرشەدا پێشمەرگە شەهیدبوون، بەڵام پارتی دەڵێت ئەگەر پەکەکەی لێنەبووایە پێشمەرگە شەهید نەدەبوو، ئەم قسەیە بە تەواوەتی هەڵەیە".



AM:09:39:29/04/2017