نرخی کارەبای مولیدە ئەهلیەکان هەرزان دەبێت

لە سلێمانی نرخی کارەبای موولیدە ئەهلییەکان بەهۆی زۆربوونی پێدانی کارەبای نیشتمانیەوە، هەرزان دەبێت و نرخی هەر ئەمپێرێک کرا بە ٦ هەزارو ٥٠٠ دینار.

ماڵپەڕی قائیمقامیەتی سلێمانی ئێوارەی ئەمڕۆ ٢٩ی نیسانی ٢٠١٧ بڵاویکردەوە،  "ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی بە ئامادەبوونی سالار حسامەدین بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی و نوێنەرانی ھەریەک لە ئاسایشی ئابووری، کۆنترۆل، وەرشەی ناوەندی و سەندیکای موەلیدە ئەھلییەکان لە دیوانی قائیمقامیەت کۆبوونەتەوە".

لە دوای کۆبوونەوەکەش سیروان محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند،"نرخی سەعاتێک ئەمپێڕی کارەبای موەلیدە ئەھلیەکان بۆ مانگی نیسان بە (٤٤) دینار دیاری کراوە، واتە ئەگەر موەلیدەیەک ١٥٠ کاتژمێر کاری کردبێت ئەوا بۆ ھەر ئەمپێڕێک ٦ ھەزار و ٥٠٠ دینار وەردەگیرێت.

سەبارەت بە خشتەی کارپێکردنی موەلیدە ئەھلییەکان لە مانگی ئایار وتەبێژی گشتی کارەبای سلێمانی ئاشکرای کرد "  خشتەی ئیشپێکردنی موەلیدە ئەھلییەکان لە کاتژمێر ٤ی پاش نیوەڕۆوە بۆ کاتژمێر ١ی نیوەشەو کارەبای موەلیدە بۆ ھاوڵاتیان دابیندەکرێت".
ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە " خشتەی ئێستا جێگیر نییە و بەپێی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما گۆڕانکاریی بەسەردا دێت".



PM:08:26:29/04/2017