سپی چەند بڕیارێکی نهێنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتی ئاشکرا دەکات

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکردایەتی یەکێتیدا چەند بڕیارێکی رێکخراوەیی دراوە سپی دوو بڕیاری گرنگیان بلآودەکاتەوە. 

بەپێی هەندێک زانیاری کە دەست سپی کەوتووە، لە کۆبوونەوەکانی پێشوودا هەر راگەیاندراوێکی تایبەت بەکۆبوونەوەکان دەرچووە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دایدەڕشت، بەلآم ئەمڕۆ بڕیارێک دراوە کە دەبێت راگەیاندراوەکانی کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بە کۆمەڵ دەربچێت، جگە لە ئەندامانی دەستەی کارگێری، چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیش بەشداربن لە نووسینی راگەیاندراوەکاندا.

هەر لەمیانەی ئەو بڕیارانەدا کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتیدا دراون، بڕیار دراوە کاتی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی یەکێتی بکرێتە مانگانە، هەرچەندە چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی دوو مانگ جارێک بێت، بەلآم بەرای زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی بڕیار دراوە کۆبوونەوەکان مانگی جارێک بێت، ئەو  بڕیارەش لەرووانگەی پەرەسەندنە بەپەلەکانی بارودۆخی ناوچەکەو هەرێمەوە هاتووە.

سپی، زانیویەتی پاش دوو هەفتەی تر جارێکی تر سەرکردایەتی یەکێتی کۆبوونەوەی خۆی ساز دەکات.

ئەمڕۆ ٢٩ ی نیسان سەرکردایەتی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوەی خۆی سازکردو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کار لەسەر نەخشە رێگای یەکێتی  بکرێت و هەنگاوی لەپێشینە بێت بۆ یەکێتی و، بڕیاری چەند پرسی تری سیاسی و رێکخراوەی لە کۆبوونەوەکەدا داوە . 


AM:12:15:30/04/2017