بەرەی گەل: دەبێت کار بەئەنجامی ریفراندۆم بکرێت

بەرەی گەل لە راگەیەنداورێکدا داوای دەکات دەبێت کار بەدەرئەنجامی ریفراندۆم بکرێت و، داواش لەخەڵکی کوردستان دەکات ئەگەر لە ناوچە جێناکۆکەکانی ریفراندۆم ئەنجام نەدرێت داوا دەکات خەڵک بایکۆتی بکات.

لە راگەیەندراوێکدا کە دانەیەکی بۆ سپی نێردراوە، بەرەی دیموکراسی گەل رای خۆی لەسەر ریفراندۆمی لایەنە دەسەلآتدارەکانی هەرێم دەخاتە روو و دەڵێت " بەرەی دیموکراسی گەل لەگەڵ بە مەرج دەنگ بەرێفراندۆم دەدات و مەرجەکانیشی لەکاتێکدا :
یەکەم: ڕیفەڕاندۆم لەسەرتاسەری کوردستان (هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم) لەهەمانکاتدا ئەنجامبدرێت. لەئەگەری ئەنجامدانی ڕیفەڕاندۆم تەنیا لە سێ پارزگایەکەی هەرێم دەبێتە هۆی دابەشکردنی باشوری کوردستان بەسەر دوو ناوچەی جیاوازدا. ئەو سێ پارێزگایە ناتواندرێ بکرێتە نوێنەری هەموو باشوری کوردستان. ئەگەر بەمشێوە ڕیفەڕاندۆم ئەنجامبدرێ، وەک ئێمە دەیبینین، یەکێک لەم دوو مەبەستەی لە پشتە؛ ئەگەری یەکەم، ئەنجامدانی رێفەڕاندۆم تەنیا بۆ گەوجاندنی خەڵکە بە بەرزکردنەوەی درووشمی نەتەوایەتی هەستیار بۆ ڕاکێشانی سۆزی هاووڵاتیان لە کاتی هەڵبژاردندا و بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران. ئەگەری دووەم، دەبێ ئەجندایەکی نادیار لە پشت هەوڵی ئەنجامدانی ئەو ڕیفەڕاندۆمە بێت  لەو سێ پارێزگایەدا بۆ پیادەکردنی ئەو مەرامەی کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی بەشێکی زۆری خاکی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی ئەو لایەنانەی بەشدارن لەو پیلانە".

مەرجی دووەمی بەرەی گەل جەخت لەوە دەکاتەوە" لەکاتی ئەنجامدانی ڕیفەڕاندۆم لەسەرجەم خاکی کوردستان دەبێت کار بە ئەنجامەکەشی بکرێت. ئێمە پێمانوایە هیچ پاساوێک نیە بۆ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمێک ئەگەر کار بە ئەنجامەکەی نەکرێت".

مەرجی سێیەمیش " لەئەگەری ئەنجامدانی ڕیفەڕاندۆم لەسەرجەم سێ پارێزگاکە و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، داوا لە جەماوەری گەلی کوردستان دەکەین بە (بەڵێ) دەنگ بدەن. بەپێچەوانەش ئەگەر ڕاپرسیەکە تەنیا لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بێت، بانگەواز لە جەماوەری کوردستان دەکەین بەهیچ شێوەیەک بەشداری نەکەن لە پڕۆسەی ڕاپرسیەکە و شەرعیەت نەدەن بە دەستبەرداربوون لە نیوەی کوردستان. خەڵکی کوردستان لەهیچ بارێکدا نابێت دەنگ بە(نا)بدات لەسەر مافی چارەی خۆنووسین، لەهەمانکاتدا نابێت بەشداری پرۆسەیەک بکات کە ببێتە هۆی دابەشبوون و دەستبەرداربوون لە بەشێکی خاکی کوردستان".
   



PM:01:05:30/04/2017