سه‌نته‌ری میترۆ: 90 پێشێلکاری بەرامبەر بە 70 ڕۆژنامەنوس ئەنجامدراوە

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 90 پێشێلکاری بەرامبەر 70 ڕۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.

ئەمڕۆ کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانی ئازادی میدیادا، سەنتەری میترۆ ئاماری پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی لە چوار مانگی ڕابردوودا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەو ماوەیەدا دوو حاڵەتی شەهیدکردن و حاڵەتێکی تیرۆکردن و 16 حاڵەتی بریندارکردن تۆمارکراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەر لەو ماوەیەدا، حاڵەتانی لێدان8، ڕێگری 36، دەستگرتن بەسەر کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسی 8، شکاندنی کەلوپەل 1، سوکایەتی 5، دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا 8، هەڕەشە 2، پڕکردنەوەی بەڵێننامە 2، هەروەها تەقەکردن لە ماڵی ڕۆژنامەنووس 1 حاڵەت بووە.

لەلایەکی دیکەوە سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند "لە رۆژی جیهانی ئازادی میدیادا، میدیای ئازاد گەمارۆ دراوە، نەیارانی ئازادی چالاکتر بوون، ئەمساڵ لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان لەگەڵ جیهاندا مەراسیم بۆ رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنوسی رێکدەخات بارودۆخی ئازادی رۆژنامەنوسی گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە".

ئەوەشی وتووە، پێشێلکردنی‌ یاسا و سنوردارکردنی‌ ئازادی رۆژنامەنوسی و دیاردەی دەربازبوون لە سزا  وایکردووە  کە لە زۆرێک لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکاندا هەرێمی کوردستان وەک شوێنێکی ئارام بۆ رۆژنامەنوسان تەماشا نەکرێت.

سەنتەری میترۆ هێمای بۆ ئەوەش کردووە، بەپێی ئاماری روانگەی ئازادی رۆژنامەنوسی (JFO) کە بە هاوبەشی لەگەڵ سەنتەری (METRO)دا کار دەکات، تەنها لە نێوان 3ی ئایاری 2016 تا ئەمڕۆ، 20 ڕۆژنامەنووس لە عێراقدا کوژراون .

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا وتوویەتی، بەبێ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی یاسایی لەبار بۆ کاری رۆژنامەنوسی و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی حکومەت لە پێدانی زیانیاری، کۆتایهێنان بە دەربازبوون لە سزا، ئازادی میدیا هەر لەپاشەکشەدا دەبێت.



PM:01:23:03/05/2017