سپی - تایبەت
ژمارەیەک کادیری سۆسیالستی کۆن کە ئێستا لە ناو
یەکێتیدان لەسەر سزادانی عادل موراد سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەند هاتنە دەنگ و دەڵێن قبوڵی
ناکەین و هەڵوێستی توندمان دەبێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا ژمارەیەک کادیری سۆسیالستی
کۆن کە بە تایبەت بۆ سپی میدیایان ناردووە ڕایانگەیاندووە"پاش بیستنی هەواڵی
کۆبوونەوەی دوێنێی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی و هێرۆخان و دەستەی کارگێڕی یەکێتی
کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ سزادانی هەڤاڵ عادل موراد کۆبوونەوەکە
تەرخانکارابوو، بە شێوەیەکی زۆر ناڕەوا دوور لە پەیڕە و پڕۆگرامی یەکێتی نیشتیمانی
کوردستان بڕیاریانداوە کە سزای هەڤاڵ عادل موراد بدەن! لە کاتێکدا عادل موراد
یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سەرکردەیەکی ماندووی ڕێبازی
کوردایەتییە، بە پێچوانەوەی زۆرینەی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی
یەکیتی، بە داخەوە هەندێ کەس کە ڕقی کۆنیان لێیەتی و دەیانەوێت بە ناوی ئیجرائات
ئیهانەی بکەن"
هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە "ئێمە
ئەمڕۆ ژمارەیکی زۆر لە سەرکردە و کادیرە دێرینەکانی سۆسیالست کە لە ناو یەکێتی
نیشتیمانی کوردستان ساڵەهای ساڵە خوێن و فرمێسک دەڕێژین و تەمەنی خۆمان داوە بە
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و لەسەر دەستی جەنابی مام جەلال کاتی خۆی لەگەڵ یەکێتی
یەکگرتنەوەمان ئەنجامداوە هەمومان پێکەوە کۆبووینەوە، بەداخەوە دوای نەخۆشکەوتنی
مام جەلال خەریکە بە ناهەق، سەرکردە و کادیرە ئەساسییەکانی یەکێتی زوڵمیان لێبکری
و بۆ تەسفییە و حساباتی شەخسی و ڕازیکردنی ئەم لایەن و ئەو لایەن هەوڵی
دورخستنەوەیان دەدرێت، لەو بارەیەوە دوای گفتوگۆیەکی زۆر ئێمە ئەو هەڤاڵە دێرینانە
ئەو بابەتەمان تاوتوێکرد و بڕیارماندا زۆر بەوردی تاقیبی ئەم بابەتە بکەین "
ئەوان داوا لە کۆسرەت ڕەسوڵ دەکەن کە هەموو
لێپرسینەوەیەکی حزبی بکرێت و لەگەڵیدان بە مەرجێک لە ڕێگای مەکتەبی سیاسی و
ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی ڕێکخستن و ئۆرگانە فەرمییەکانی یەکێتی بێت و لە
پەڕو و پڕۆگرام لانەدرێت و دەڵێن "بە پێچەوانەوە ئێمە کادیرە ئەساسییەکانی
سۆسیالستی کۆن کە لە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان خەبات دەکەین، ئەو ناهەقییە
بەرامبەر عادل موراد یا هەر هەباڵێکی تری یەکێتی بکرێت قبوڵ ناکەین و هەڵوێستی
توندمان دەبێت".
دوێنێ لیژنەی سزاکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڕیاریداوە "ئینزار"ی عادل موراد سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی و بۆچوون هەبووە لە یەکێتیش دەربکرێت.
سپی پێشتر بڵاویکردەوە ڕۆژی سێشەممە، ٢ی ئایار لیژنەی سزاکانی یەکێتی کە پێکهاتووە لە کۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری یەکێتی و هیرۆ ئیبراهیم ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و مەلا بەختیار کارگێڕ و حاکم قادر حەمە جان و عومەر فەتاح ئەندامانی کارگێری مەکتەبی سیاسی بڕیاریانداوە کە ئینزاری عادل موراد بکەن.
سپی زانیویەتی کە بەهۆی سەفەرەوە بافڵ تاڵەبانی بەشداری کۆبوونەوەکەی نەکردووە و ئەو پێنج کەسەی تر بە تێکڕای دەنگ بڕیاریانداوە سزای عادل موراد بدرێت لەسەر لێدوانەکانی بۆ میدیاکان و هەندێکیش بۆچوونیان وابووە لە یەکێتیش دەبکرێت.
عادل موراد سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتییە کە وەک پەرلەمانی یەکێتی وایە و کاری چاودێریکردنی جێبەجێکردنی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبەیە، هاوکات یەکێکە لە دەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتی، سپی زانیویەتی کە ئەم بڕیارەش کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە.