وەزارەتی دارایی بڕیاری دابەشکردنی مووچەی دەرکرد

سپی - هەولێر


وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكدا بۆ زانكۆی سەڵاحەدین ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ خەرجكردنی دەرماڵەی شەش مانگی مامۆستایانی وانەبێژ.


ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین بە ماڵپەڕی وشەی وتووە "داوایەكمان ئاراستەی وەزارەتی دارایی كرد و بۆ خەرجكردنی دەرماڵەی شەش مانگی ساڵی 2016ی مامۆستایانی وانەبێژ لە زانكۆی سەڵاحەدین، ئێستە وەزارەتی دارایی ڕەزامەندییان لەسەر ناردنی دەرماڵەكە داوە و لەم هەفتەیەدا دابەش دەكرێت.


ڕوونیشی کردووەتەوە، دوای ئەوەش دەرماڵەی مامۆستایانی سەرپەرشتیاری نامەی ماستەر و دكتۆراش دابین دەكرێ و بەڵێنمان لێ وەرگرتوون، دەرماڵەی ئەوان بە ڕێژەی 30%ە و دوای تەواوبوونی دەرماڵەی مامۆستایان ئەویش خەرج دەكرێت.


ماڵپەڕەکە ئاشکراشیکردووە "هەر مامۆستایەكی زانكۆ ئەگەر بڕوانامەی ماستەر بێ بۆ هەر سەعاتێك وانەگوتنەوە حەوت هەزار و ئەگەر پلەكەیشی پڕۆفیسۆر بێ نۆ هەزار دینار وەردەگرێ، هەر مامۆستایەكیش بۆی هەیە هەفتەی 24 سەعات وانە بڵێتەوە، بەگشتی دەرماڵەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەفتەیەك بۆ هەڵگرانی ماستەر 169 هەزار دینارە كە مانگانە دەكاتە 672 هەزار دینار و هی شەش مانگیش دەكاتە چوار ملیۆن و 32 هەزار دینار، بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دكتۆراش هەفتانە دەكاتە 216 هەزار دینار و لە مانگێك دەكاتە 864 هەزار دینار، هی شەش مانگ دەكاتە پێنج ملیۆن و 184 هەزار دینار".





PM:02:43:06/05/2017