هەفتەی دۆستایەتی و پاڵپشتی هەردوو گەلی فەڵەستین و كوردستان لەسلێمانی كۆتایی هات

سپی – سلێمانی


دوێنێ کۆتایی هات بە هەفتەی دۆستایەتی و پاڵپشتی هەردوو گەلی فەڵەستین و کوردستان پاش ئەوەی دوو ڕۆژ لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بڕیارە ئەمڕۆ و سبەی بچێتە شاری دهۆک.

هەفتەی دۆستایەتی هەردوو گەلی فەڵەستین و کوردستان بەئامادەبوونی بابەكر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی و باڵیۆز نەزمی خزوری كونسوڵی گشتیی دەوڵەتی فەڵەستین لەهەرێمی كوردستان، لە پاركی ئازادی شاری سلێمانی دووەم رۆژی هەفتەی دۆستایەتی و پاڵپشتی لەنێوان هەردوو گەلی فەڵەستین و كوردستان بەڕێوەچوو.

لە هەفتەكەدا، چەند چالاكییەكی كەلەپوری و هەڵپەڕكێی كوردی و فەڵەستینی پێشكەشكران، هەروەك بەڕێوەبەری گشتیی وتەیەكی پێشكەشكرد كە تێیدا سازكردنی ئەم جۆرە چالاكیانەی بەپێویست زانی و رایگەیاند كە ئاڵوگۆڕی كەلتوری و رووناكبیری و هونەری گرنگترین كارە كە وڵاتان لەنێوان یەكتر بیكەن، بۆ ئەوەی ئاشنایەتی و پاڵپشتی یەكتری بن. پاشان كونسوڵی گشتیی دەوڵەتی فەڵەستین لەهەرێمی كوردستان، بەهەمان شێوە وتەیەكی پێشكەشكردو تێیدا سوپاسگوزاری خەڵكی سلێمانی و رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بوو، كە توانیان لەم دوو رۆژەی كە هەفتەكە لەسلێمانی بوو، رۆڵی بەرچاویان هەبێت لەسەرخستن و پاڵپشتی و هاوكاری چالاكییەكان.

هەفتەی دۆستایەتی و پاڵپشتی لەنێوان هەردوو گەلی فەڵەستین و كوردستان سەرەتا لەشاری هەولێر دەستی پێكردو دواتر هەردوو رۆژانی 6-7/5/2017 لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بڕیاریشە ئەمڕۆ و سبەی بچێتە شاری دهۆك.



PM:12:10:08/05/2017