مەلا عەلی کەڵەک سێ سکاڵای لەسەرەو ٦ ی حوزەیران دادگایی دەکرێت

مەلا عەلی کەڵەک کە زیاتر لەهەفتەیەکە دەستگیراکراوە، سێ سکاڵای لەسەرەو رۆژی ٧ ی حوزەیران دادگایی دەکرێت.

ماڵپەڕی رووداو بڵاویکردەوە كە مەلا عەلی لەسەر سكاڵای وەزارەتی تەندروستی دەستگیر كراوە و رۆژی 6ی حوزەیرانی داهاتووش یەكەمین دانیشتنی دادگاییەكەی بەڕێوەدەچێ‌.

بەپێی ئەو زانیارییانە، مەلا عەلی پێشتر دوو سكاڵای لەسەر بوو، سكاڵاكانیشی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە لەسەر تۆمار كرابوو. ئەو سكاڵایەشی كە ئەمجارە لەسەری تۆمار كراوە، ئەویش هەر لەلایەن وەزارەتی تەندروستییە".

سكاڵای یەكەم لەدژی مەلا عەلی، بە تۆمەتی ئەوەی كە میزی حوشتر چارەسەرە بۆ نەخۆشی، سكاڵای دووەمیش لەسەر ئەوە بووە كە داوای خەتەنەكردنی كچانی كردووە. سكاڵای سێیەمیش، لەسەر ئەوە بووە كە گوتوویەتی خواردنی كلینێكس مرۆڤ لاواز دەكات.

مەلا عەلی بەپێی مادەی 456  لە یاسای سزادانی عێراقی كە تایبەتە  بە فێڵكردن لە خەڵك، دەستگیركراوە، ئەگەر تۆمەتەكانی بەسەردا ساخ ببنەوە وەك لە ماددەكەدا هاتووە، ئەوا سزاكەی لە یەك تاوەكوو پێنج ساڵ بەندكردن دەبێ‌.

كاژێر 11ی شەوی 2/5/2017 مەلا عەلی كەڵەك لەلایەن مەفرەزەیەكی پۆلیسی قەزای بەردەڕەشەوە، لە ماڵەكەی خۆی لە ناحیەی كەڵەك دەستگیر كراو گواسترایەوە زیندانی چاكسازیی گەورانی دهۆك. 



PM:08:33:08/05/2017